دەمیرتاش رەخنەی توند لە یەكێتی ئەوروپا دەگرێت
"ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبووە بەرامبەر رەوشی نالەباری کورد"
K24 - ھەولێر
لەمیانەی سەردانەکەی بۆ سویسرا، ھاوسەرۆکی پارتی گەلانی دیموکرات (ھەدەپە)، رەخنەی توندی لە ھەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا گرت بەرامبەر بە بێدەنگبوونیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی تورکیا و داواش لە وڵاتانی ئەوروپی دەکات کاری زیاتر بکەن بۆ رێگەگرتن لە تورکیا، سەرکوتکاریی کورد لەو وڵاتە رابگرن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی ھەدەپە بە سەرۆکایەتی شاندێکی پارتەکەی گەیشتە شاری بێرنی سویسرا و رایگەیاند: "لەوەتەی یەکێتی ئەوروپا رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا واژوو کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران، وڵاتانی ئەوروپی بێدەنگ بوون و ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبووە بەرامبەر رەوشی نالەباری کورد لە تورکیا".
دەمیرتاش کە لەلایەن پەرلەمانی سویسراوە بانگھێشتکراوە بە مەبەستی باسکردنی بارودۆخی باکووری کوردستان، وڵاتی ئەڵمانیای بە نموونە ھێنایەوە و گوتی: "دەسەڵاتدارانی ئەڵمانی چاوی خۆیان بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی ئەردۆغان لە باکووری کوردستان داخستووە و ھیچ ھەنگاوێکیان نەھاویشتووە بۆ فشارخستنە سەر ئەردۆغان و حکوومەتی ئەنقەرە بۆ باشکردنی رەوشی کورد لە تورکیا".