زانیاری نوێ لەبارەی کۆچبەرانی کورد لە بیلاڕووسیا دەخرێتەڕوو

"نزیکەی 400 کۆچبەری کورد لە نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە"

K24 – هەولێر

ئەندامی کۆمیتەی هاوکاری پەنابەرانی کورد، زانیاری لەبارەی ئەو کۆچبەرە کوردانە دەخاتەڕوو کە نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە.

ھەژارێ شامیل، ئەندامی کۆمیتەی هاوکاری پەنابەرانی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند: "نزیکەی 400 کۆچبەری کورد لە سنووری بیلاڕووسیا – پۆڵەندا، گیریان خواردووە و لە دۆخێکی خراپدان، دوو رۆژ لەمەوبەر سەردانی ئەو سنوورەمان کرد و هاوکاریمان گەیاندووەتە ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە کە کوردی ئێزدین، لە دۆخێکی خراپدان، تا رادەیەک گرفتەکانمان بۆ چارەسەر کردن".

روونیکردەوە: "ئەو کۆچبەرانە لە نزیک سنووری بیلاڕووسیا – پۆڵەندا لەناو شارێکدان، پۆلیسی پۆڵەندا رێگریان لێدەکات بچنە ناو خاکی وڵاتەکەیان".

ھەژارێ شامیل، گوتیشی: "جگە لە کۆچبەرانی کورد ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی دیکەی عەرەب، فارس، ئەفغانی لەو سنوورە گیریان خواردووە".

سەبارەت بەوەی کە هاوکاری نەکردنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەدا: "هەموو رێکخراوەکان هەر یەکە و سەر بە وڵاتێکە، وڵاتانی ئەوروپا نایانەوێت کۆچبەران روو بکەنە وڵاتەکانیان، بۆیە رێکخراوەکان هاوکاریان ناکەن".

Fly Erbil Advertisment