بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیان یاریزانانی یانەی دهۆک بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد
بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیان یاریزانانی یانەی دهۆک بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد و بەشداریی راهێنانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی یانەکەیان نەکرد.
بەهۆی ئەوەی 50 رۆژە یاریزانانی یانەی دهۆک مووچەکانیان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ بەشداریی راهێنانەکانی یانەکەیان نەکرد،ە لەکاتێکدا رۆژی چوارشەممە لە جامی عێراق لە روومادی یارییان بەرامبەر روومادی هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەهۆی ئەوەی یانەی دهۆک دوو ساڵە قەرزی ئەو خواردنگەیەی نەداوە کە یاریزانانی یانەکە خواردنی لێ دەخۆن خاوەنی خواردنگەکە یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە هیچی دیکە ناتوانن خواردن بە یاریزانانی یانەکە بدەن، لە هەمان کاتیشدا ئەمیر رەزاق لەو شوقەیەی دەمێنێتەوە بەهۆی وەرنەگرتنی کرێی شوقەکە خاوەنی باڵەخانەکە یاریزانەکەی کردووەتە دەرەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمشەو وابڕیارە حادل ناسر راهێنەری یانەی دهۆک شاری دهۆک بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە بەغدا، لەکاتێکدا تەنیا 48 کاتژمێر ماوە بۆ یاریی داهاتووی یانەکە لە جامی عێراق.