بەکاریگەری زیادبوونی ئاستی عەمبارەکانی ئەمه‌ریکا نرخی نەوت دابەزی

پێشبینی دەکرێت ئۆپێک پڵەس كار لەسەر جێبەجێکردنی پلانی بەرزکردنەوە بكات

نرخی نه‌وت دابه‌زی
نرخی نه‌وت دابه‌زی

K24 - هه‌ولێر:

بە کاریگەری بەرزبوونەوەی بەرچاو لە عەمبارەکانی نەوتی خاوی بەرهەمی پاڵاوگەکان لە ئەمه‌ریکا، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا دابەزی.

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 1.03 بۆ 83.85 دۆلار دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بەرێژەی سەدا 1.45 بۆ 82.69 دۆلار دابەزی.

پەیمانگەی پێترۆلی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، شەشەمین هەفتەیە لەسەر یەک بڕی نەوتی عەمبارکراوی ئەمه‌ریکا زیاد دەکات، سەرەڕای ئەوەش ئیدارەی سەرۆکی ئەمه‌ریکا داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کردووە ئاستی هەناردەیان بەرزبکەنەوە.

هەروەها، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گلاسکۆ رایگەیاند، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سیاسەتی ئۆپێك پڵەسە، چونکە وڵاتان رەتیانکردووەتەوە ئاستی هەناردەیان بەرزبکەنەوە.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، ئەندامانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کۆببنەوە و پێشبینی دەکرێت جەخت لەسەر جێبەجێکردنی پلانی بەرزکردنەوەی مانگانە بکەنەوە.