عێراق بڕێک زێڕ دەکڕێت و پارێزگاری لە پلەبەندی یەدەگی کانزا زەردەکەی دەکات

عێراق خاوەنداری 96.4 تۆن زێڕ دەکات

زێڕ
زێڕ

K24 - هه‌ولێر:

ئەنجومەنی زێڕی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، عێراق توانیوویه‌تی پارێزگاری لە پلەبەندی زێڕەکەی بکات و بۆ چوارەمین مانگ لە سەر یەک لە پلەی 39ـەم ماوەتەوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی پێنجەمە.

ئەو ئەنجومەنە لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، عێراق لە مانگی نیساندا 2 کیلۆگرام زێڕی کڕیوە، لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەم هەمان بڕی فرۆشتبوو.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عێراق پارێزگاری لە پلەبەندییەکەی کردووە و لەسەر ئاستی 100 وڵاتی تۆمارکراو لە پلەی 39 دایە، خاوەنداری 96.4 تۆن زێڕ دەکات، کە دەکاتە 9%ـی کۆی یەدەگەکانی دیکە.

ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی پێنجەم دایە دوای هەریەکە لە سعودیە و لیبیا و جەزائیر و لوبنان دێت.

لە سەر ئاستی جیهانیشدا ئەمه‌ریکا خاوەنداری زۆرترین بڕە زێڕ دەکات، کە 8 هەزار و 133 تۆن زێڕی هەیە.