"هه‌ستم به باوكایه‌تی بۆ ئه‌و كۆرپه‌یه نه‌كرد".. دوو هاوسه‌ر سكاڵا له دژی نۆڕینگهیهك به‌رز ده‌كه‌نه‌وه
باوكی منداڵه‌كه: كاتێك كۆرپهكهمم بینی زانیم هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره روویداوه.. دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م راستییه تاڵه‌كه ئاشكرا بوو
K24- هه‌ولێر:
ئه‌لێكسانده‌ر كاردینالی هه‌ر له سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌ی هه‌ستی كرد كه "هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر ناخۆش و گه‌وره" روویداوه و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، راستییه تاڵه‌كه‌ی بۆ ئاشكرابوو، كه ئه‌و منداڵه‌ی ماوه‌ی نۆ مانگ له سكی هاوسه‌ره‌كه‌ی بووه و هێناویانه‌ته دونیا، نه هی خۆیه‌تی و نه‌هی هاوسه‌ره‌كه‌ی، بۆیه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له دادگای لۆس ئه‌جلوس سكاڵای یاساییان له دژی ئه‌و نۆڕینگهیه تۆماركرد، كه به‌رپرسیارێتی ئه‌و هه‌ڵه‌ی له ئه‌ستۆیه.
گۆڤاری "پیپول" چیڕۆكی ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌ی بڵاوكرده‌وه، كه ئه‌لێكسانده‌ری ته‌مه‌ن 41 ساڵ و دافنای 43 ساڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی قسه‌یان بۆی كردووه و گوتییان: ئه‌وان نه‌شته‌رگه‌ری بلووری "پیتاندنی ده‌ستگرد (IVF)"ـیان ئه‌نجامداوه، كه نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی تایبه‌ته بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پیتاندن لای ئه‌و هاوسه‌رانه‌ی كێشه‌ی منداڵبوونی سروشتییان هه‌یه و له رێگه‌ی پیتاندنی هێلكه‌ی مێیینه به سپێرم "تۆ"ی نێرینه له ده‌ره‌وه‌ی منداڵدان و دواتر گواستنه‌وه‌ی هێلكه‌ی پیتراو بۆ ناو منداڵدانی دایكه‌كه بۆ گه‌شه‌كردنی كۆرپه‌كه ده‌كرێت.
به‌گوته‌ی ئه‌و گۆڤاره، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بوو ئه‌و دوو هاوسه‌ره هه‌وڵیان ده‌دا دوای ئۆلیڤیای ته‌مه‌ن 5 ساڵه‌ی كچه‌كه‌یان، منداڵی دووه‌میان ببێت و دواجار توانییان له رێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری (IVF) ئه‌و خه‌ونه‌یان بكه‌نه راستی و له مانگی ئهیلوول/ سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2019 منداڵه‌كه‌یان له‌دایكبوو.
به‌ڵام هه‌ر له‌و ساته‌ی ئه‌لێكسانده‌ر دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك له له‌دایكبوونی منداڵه‌كه، چاوی به كۆرپه تازه له‌دایكبووه‌كه كه‌وت، هه‌ستی كرد كه "هه‌ڵه‌یه‌ك روویداوه"، چونكه نه به‌خۆی ده‌چوو و نه به هاوسه‌ره‌كه‌ی و گوتی: "ئه‌وكات من كاردانه‌وه‌یه‌كی نامۆم هه‌بوو، هیچ شتێك له جێی خۆی نه‌بوو".
هه‌رچی دایكه‌كه‌یه، هه‌وڵیدا قه‌ناعه‌ت به‌خۆی بكات كه منداڵه به‌خۆی ده‌چێت و گوتی: "هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌مه شتێكی جیاوازه له ئێمه.. به‌ڵام هه‌ستم كرد كه به‌لای منه‌وه شتێكی دروستكراوه، چونكه به‌و منداڵه سك‌پڕ بووم و له‌من له‌دایكبوو".
گۆڤاره‌كه له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ئه‌و دوو هاوسه‌ره ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، هاوڕێ و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌شیان تێبینی ئه‌وه‌یان كردبوو كه منداڵه‌كه له دایك و باوكی ناچێت و جاربه‌جار كۆمێنتیان ده‌دا و ده‌یانگوت: "ئه‌و له هیچ كامێكیان ناچێت و له‌وانه‌یه به‌ره‌چه‌ڵه‌ك هی كه‌سانێكی دیكه بێت".
ئه‌م نه‌هامه‌تی و مه‌ینه‌تییانه بۆ ماوه‌ی دوو مانگ به‌رده‌وام بوون، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه بڕیاریاندا پشكنینی ترشی ناوه‌كی "DNA" بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كه‌یان بۆ ده‌ركه‌وێت.
ئه‌لێكسانده‌ر بۆ ئه‌و گۆڤاره رایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی پیتاندنهكهمان له تاقیگه ئه‌نجام نه‌دابا، ئه‌وكات حاڵه‌ته‌كه‌م بۆ هۆكاری بۆماوه‌یی ده‌گه‌ڕانده‌وه.. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌و كاره‌مان كردبوو، بیرم بۆ شوێنه تاریكه‌كه ده‌چوو".
له‌ڕاستیشدا ئه‌نجامی پشكنینه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه كرده‌وه، كه پێشتر بۆیان وه‌ك گومانێك وابوو و ده‌ركه‌وت كه ئه‌و منداڵه هی دایك و باوكێكی دیكه‌یه و منداڵه‌كه‌ی ئه‌وانیش له‌ناو منداڵدانی دایكێكی دیكه دانراوه، كه هه‌م هێلكه‌كه و هه‌میش سپێرمه‌كه هی ئه‌لێكسانده‌ر و دافنا بوون.
هه‌ر به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه، ئه‌و دوو هاوسه‌ره به تۆمه‌تی كه‌مته‌رخه‌می و فێڵكردن و تۆمه‌تی دیكه، له دادگا سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر ئه‌و نۆڕینگهیهی پیتاندنی كۆرپه‌له تۆماركرد، كه منداڵی هه‌ردوو خێزانه‌كه‌ی له‌یه‌ك ئاڵوگۆڕ كردبوو.
ئه‌و دوو هاوسه‌ره دووپاتیان كرده‌وه، ئه‌وان له مانگی یه‌نایه‌ری ساڵی 2020، واتا دوای 4 مانگ له رێكه‌وتی له‌دایكبوون، په‌یوه‌ندییان به ئافره‌ته‌كه‌ی دیكه‌وه كردووه و منداڵه‌كانی یه‌كتریان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه و هه‌ره‌یه‌كه‌یان بووه‌ته‌وه به خاوه‌ن منداڵی راسته‌قینه‌ی خۆی، به‌ڵام كاریگه‌ری ده‌روونی له‌سه‌ر هه‌ردوو خێزانه‌كه به‌جێماوه، چونكه هه‌ریه‌كێكیان منداڵی ئه‌وی دیكه‌یان به‌خێو كردووه و خۆشه‌ویستییان بۆیان هه‌بووه.
ئاده‌م وۆڵف، پارێزه‌ری بواری هاوسه‌ری بۆ ئه‌و گۆڤاره گوتی: له‌زۆر بواردا هه‌ڵه‌ی وا رووده‌دات، زۆربه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ش زیانیان نییه و ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام بۆ نۆڕینگه‌كانی پیتاندنی كۆرپه‌له ئه‌مه ناكرێت، چونكه ده‌كرێت هه‌ڵه‌یه‌ك ببێته هۆی ئاكامێكی نه‌رێنی كه كاریگه‌رییه‌كه‌ی به درێژایی ژیان به‌رده‌وام بێت.