وەزیری دەرەوەی سوید: خۆشحاڵم ئەمجارەش هاتمەوە هەولێر

"سوید و هەرێمی کودستان پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە"

ئان لیند، وەزیرى دەرەوەى سوید لەکاتی پێشوازیکردنی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئان لیند، وەزیرى دەرەوەى سوید لەکاتی پێشوازیکردنی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

وەزیری دەرەوەی سوید خۆشحاڵی خۆی دەردەبرێت کە ئەمجارەش سەردانی هەولێری کردووە، ئاماژە بەوەشدەکات، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیان لە پرسەکانی مافی مرۆڤ و کۆچبەران کردووە.

ئان لیند، وەزیری دەرەوەی سوید لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "خۆشحاڵم کە ئەمجارەش هاتمەوە هەولێر و چاوم بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت. پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان سوید و هەرێمی کوردستان هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیان لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و مافەکانی مرۆڤ و کۆچ و چاکسازی کردووە.

دوێنێ 22/11/2021، ئان لیند، وەزیری دەرەوەی سوید بە سەردانێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و له‌ لایه‌ن سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا. دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی سوید لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

Fly Erbil Advertisment