"لە هەولێر کچ و کوڕێک کوژران"
روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر
K24 – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە گوندێکی سنووری هەولێر، لەسەر کێشەی خێزانی کچ و کوڕێک کوژران.
پۆلیسی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە: "شەوی رابردوو لە گوندی (لاجان)ی سەر بە ناحیەی شەمامک لە سنووری بنکەی پۆلیسی (تووڕەق) تەرمی دوو کەس دۆزرایەوە، دواتر هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی مەبەست و دەرکەوت کەوا دوو کەس کوژراون بە ناوەکانی (ع. ف. ش) تەمەن (24 ساڵ) لەگەڵ ئافرەتێکی تەمەن (18 ساڵ) بە ناوی (ح. ق. ا)".
پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند: "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی خێزانی لەلایەن برایانی ئافرەتەکەوە تەقە لە هەردووکیان کراوە و کوژراون. ئێستاش هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکە، دەستگیر بکرێت و بدرێنە دادگا".