پێشمه‌رگه ده‌چێته‌وه‌ مه‌خموور

‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش چه‌ند لیوایه‌ك لە ناوچەکە جێگیردەکرێن
هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف
هێزی پێشمەرگە - ئەرشیف

K24 - هه‌ولێر:

بڕیارە ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (12ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2021) لە مەخموور شاندی پێشمەرگە و سوپای عێراق کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی ئەو لیوا هاوبەشانەی لە ناوچەکە جێگیردەکرێن، هەروەها ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ده‌كرێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشكرای كرد، بەیانی ئەمڕۆ لە مەخموور شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیەی پێشتر لە نێوان ‌هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کراوە، کۆببنەوە.

لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکراشیکرد، یەکێک لە تەوەرەکان گفتوگۆکردنە لەسەر پێکهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشەی کە لە نیوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکدەهێنرێت، لە سنووری مەخموور جێگیر دەکرێت، تەوەرەیەکی دیکەش گفتوگۆکردنە بۆ ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە ناوچەکە بۆ کێوماڵکردن و لەناوبردنی مۆڵگە و بارەگاكانی داعش، کە ماوەیەکە لەو ناوچانەوە ‌هێرشکراوەتە سەر چەند میحوەرێکی پێشمەرگە.