پەكەكە بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەكەی مێردین راگەیاند

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) باڵی سەربازی پەكەكە لە راگەیاندراوێكدا بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەكەی مێردین راگەیاند.

لە بەیاننامەیەكدا ناوەندی راگەیاندن وچاپەمەنی ھەپەگە بەرپرسیاریەتی تەقینەوەكەی شارۆچكەی میدیاتی سەر بە پارێزگای مێردینی باكووری كوردستانی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند: "گەریلایەك بەناوی دیرۆك ئامەد، خۆی تەقاندوەتەوە، كە لە ئەنجامدا 30 سەرباز كوژراون و 2 زرێپۆش و 10 ئۆتۆبێلی دیكەی سەربازی تێكشكێنراون".

لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: "لەو شوێنەی تەقینەوەكەی تێدا ئەنجامدراوە باڵەخانەیەكی 6 نھۆمی بووە و 150 پۆلیسی تێدابووە كە ئەم شوێنە جێگای دارشتنی پلانە سەربازیی و ئەمنییەكانی توركیا بووە لەم ناوچەیە".

دوێنێ له‌ شارۆچكه‌ی میدیات سەر بە پارێزگای مێردین له‌ باكووری كوردستان تەقینەوەیەك لە باره‌گای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس روویدا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی باغچه‌لی ئیڤله‌رله‌سه‌ر رێگه‌ی نسێبین.