دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان دواخست

باسم خەشان: "رێز لە بڕیاری دادگا دەگرین"
دادگای فیدراڵی عێراقی
دادگای فیدراڵی عێراقی

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی 13ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022، لەسەر سکاڵای چەند پەرلەمانتارێک کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرله‌مانی عێراق لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە بە شێوەیەکی کاتی راگیران، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بڕیاری کۆتایی دواخست.

ئەمڕۆ 19ـی کانوونی دووم/یەنایری 2022 بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر یەکلاکردنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 25ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022 دواخرا.

رۆژی 9ـی کانوونی دووەمی 2022، بە تەواوبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام دواتر کۆمەڵێک كێشە لەنیو هۆڵی پەرلەمان روویاندا، دادگای فیدراڵیش لەسەر سکاڵای جەند پەرلەمانتارێک کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەڵپەسارد.

بڕیار ئەمڕۆ بوو دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی سکاڵاکانەوە بدات، بەڵام دادگای فیدراڵی بڕیاریدا دانیشتنی دادگا و بڕیارەکانی لەبارەی سکاڵاکان بۆ 25ـی ئەم مانگە دوابخات.

پەرلەمانتار، باسم خەشان لەبارەی بڕیاری دادگاوە لەسەر سکاڵاکان گوتی: "رێز لە بڕیاری دادگا دەگرین و دەبێت هەمووان پابەندبن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی".