وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: لە کوردستان بە هزری کەمینە و زۆرینە مامەڵە ناکەین

"لێرە هیچ پێکهاتەیەک پاشکۆی پێکهاتەیەکی دیکە نیە"

ئانو جوهر عبدالمسیح عبدوکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن
ئانو جوهر عبدالمسیح عبدوکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن

K24 - هەولێر:

ئانو جوهر عبدالمسیح عبدوکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تایبەت بە جەژنی سێ رۆژی یاران گوتی: "ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە کوردستان تابلۆیەکی رەنگاو رەنگە و هەموومان پێکەوە تێیدا دەژین".

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ئانو جوهر عبدالمسیح عبدوکا گوتیشی: "لە کوردستان بەهیچ شێوەیەک بە هزری کەمینە و زۆرینە مامەڵە ناکەین، هەموومان پێکەوە ئەم وڵاتەمان دروست کردووە، بە خوێن و بە هەوڵ و کۆششی هەمووان دروست بووە".

ئانو جوهر عبدالمسیح عبدوکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لێرە کەس لەگەڵ کەس ناژی، هەمووان پێکەوە دەژین، هیچ پێکهاتەیەک پاشکۆی پێکهاتەیەکی دیکە نییە، ژمارەمان هەرچەن زیاد یان کەم بێت هەر پێکهاتەیە و هەمووان لەلای خۆیانەوە قوربانیان بۆ ئەم خاکە پیرۆزە داوە".

لەبارەی هزری کەمینە و زۆرینە لە عێراق، ئانو جوهر ئاماژەی بەوەدا، ئەو زوڵم و زۆرەی لە میلەتانی کوردستان کراوە، بەرهەمی ئەوجۆرە هزرەیە کە بە زۆرینە و کەمینە مامەڵە دەکات، ئەو کەسانەشی کە بەهۆی ئەو هزرەوە ئازاریان چەشتووە، عێراق بە وڵات نازانن، چونکە هەست دەکەن تێیدا وەک هاووڵاتی پلە یەک مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.

لە بەرواردی هەرێمی کوردستان و عێراق ئانو جوهر گوتی: "ئەوەی لە کوردستان هەیە، لە هیچ دەوڵەتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، کە بتوانین هەموومان پلە یەک بین".

ئانو جوهر عبدالمسیح عبدوکا، لەساڵێ 1984 لەدایکبووە، لە قەزای عەنکاوە لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێیە، لە زانکۆی کوردستان – هەولێر بڕوامەی بەکالۆریۆس و ماستەری بەدەستهێناوە، ماوەیەک لە پۆستی سکرتێری گشتی رەوتی شالامایە بۆ کاروباری مەسیحیەکان خزمەتی کردووە و سەرۆکی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەییە کە گەورەترین کوتلەی مەسیحی پێکدێنیت لە پەرلەمانی کوردستان کە پێک دێت لە (3) سێ ئەندام پەرلەمان لە کۆی 5 کورسی.