"هێدی باژۆ"
گۆرانییەك دوای 100 ساڵ بەناوبانگ دەبێت
K24 - هەولێر:
زیاتر لە 10 رۆژە گۆرانییەکی کوردی زاراوەی کرمانجی سەروو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە و لەسەر زۆربەی گرتە ڤیدیۆکان دادەنرێت.
گۆرانی "هێدی باژۆ" گۆرانییەکی کوردی فۆلکۆرە و لەلایەن گۆرانیبێژ، ئەلیاس نەدیر وتراوەتەوە و دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانیەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا.
"هێدی باژۆ" گۆرانییەکی فۆلکلۆری سترانبێژی شنگالی "برۆ شەرقی"ـیە کە مێژووی گۆرانییەکەی بۆ 104 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، گۆرانیەکە لەلایەن چەندین هونەرمەندی دیکەوە وتراوەتەوە، برۆ شەرقی لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گرێ جەتلێ لە رۆژئاوای کوردستان بەخاک سپێردراوە.
"هێدی باژۆ" بە زاراوەی سۆرانی واتە "لەسەرخۆ لێبخوڕە"، ئێستا گۆرانییەکە لەسەر گرتە ڤیدیۆکانی تیک تۆک بەربڵاوە، بەتایبەتی ئەو ڤیدیۆیانەی کە دیمەنی بەفربارینی چەند رۆژی رابردووی تێدایە، بە دیاریکراویش ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە دیمەنی خلیسکانی خەڵکی تێدایە و دەستەواژەی "هێدی باژۆ" وەک ئامۆژگارییەکی تەنزئامێز بەکاردەهێنرێت.
ئەلیاس نەدیر لە ساڵی 1949 لەدایکبووە و لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، لە ساڵی 1963 لەسەر دەستی هونەرمەندان وسو شێخو و قاسمی مەیرو فێری گۆرانی وتن بووە، زیاتر گرنگی بە وتنەوەی گۆرانی فۆلکۆر و مەقام دەدات، لە بەناوبانگترین مەقامەکانی (عەمێ گۆزێ، تەمەر بەگێ زری، نواخی، فاتیمە ساڵح ئاغا)، ئێستا لە کۆمەڵگەی خەنەسۆرێ ژیان بەسەر دەبات.
H.H