چوارچێوەی هەماهەنگی: رێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران نەکراوە

"دەوڵەتی یاسا لە چوارچێوەی هەماهەنگی دوور ناخرێتەوە"

موقتەدا سەدر - هادی عامری
موقتەدا سەدر - هادی عامری

K24 - هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەکاتەوە رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی هیچ کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کرابێت.

محەمەد زەیادی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە، رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی هیچ کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کرابێت.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەدووریشی زانی چوارچێوەکە، دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی دووربخاتەوە، کە خواستی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرە.

لەلایەکی دیکە موختار موسەوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەستەمە پەراوێز بخرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە 9/1/2022، یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، کە تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، بەڵام تائێستا لایەنەکان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رێک نەکەوتوون.