رووداوەکەی گرتووخانەی غوێران مەترسی دەخاتەوە سەر ناوچەکە

"ژمارەی کوژراوانی لە رووداوەکە گەیشتە 120 کەس"
گرتووخانەی غوێران - ئەرشیف
گرتووخانەی غوێران - ئەرشیف

K24 – هەولێر

دوای هەڵاتنی ژمارەیەک چەکداری داعش لە گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە، جارێکی دیکە مەترسی لە جموجۆڵی چەکدارانی داعش دەخاتەوە ناوچەکە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هێڵەکانی بەرگری و توندترکردنی رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان دەکاتەوە.

رۆژی 20/1/2022، ژمارەیەک چەکدارانی داعش لە گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان هەڵاتن و رووبەڕووی هێزەکانی هەسەدە بوونەوە. چەند سەرچاوەکی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، هێشتا گرتووخانەکە لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعش دایە، هێزەکانی هەسەدەش رەتیدەکەنەوە.

هەڵاتنی ئەو چەکدارانەی داعش ترسی ئەوەی دروستکردووە، لە سنوورەکان بێنە ناو خاکی عێراق و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە (23 ی کانوونی دووەم/ یه‌نایه‌ری 2022) لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل و وه‌زیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد، دوايين گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا تایبەت بە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعشی تاوتوێکرد.

سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە زیاتربوونی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هێڵەکانی بەرگری و توندترکردنی رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان کردەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە پەیوەندی بەهێز و بەردەوامدابن لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.

لەلایەکی دیکە سەبارەت بە مەترسییەکان لە سنووری شنگال، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "عێراق خۆی بەرپرسیاریەتی پاراستنی شنگالی گرتووەتە ئەستۆ، سوپای عێراقی و پۆلیسی فیدراڵی لە شنگالن، ئێستا ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی شنگال. دەبێ هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش".

پەیوەست بەو پرسە یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند "هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، لەسەر سنوورەکان لەگەڵ سووریا، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هیچ مەترسییەک لەسەر پەڕینەوەی چەکدارە هەڵاتووەکانی گرتووخانەی حەسەکە، بۆ دیوی عێراق نییە. سنوورەکان لەرێگەی کامێرای چاودێری و تەلی دڕکاوی، بەتەواوی کۆنتڕۆڵ کراون، ئەمە جگە لە بوونی خەندەق بە درێژایی هێڵی سنووری".

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "داعش مەترسییەکی بەردەوامە و هەست دەکرێت لەم دوایە زیاتر خۆیان رێکخستبێتەوە. ئەوەی ئێستا لە سووریا روودەدات پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە، رەنگە چەکدارە هەڵاتووەکان بە ناوچەکەدا بڵاوببنەوە و مەترسی بۆ خەڵک و هێزە ئەمنییەکان زیاتر بکەن".

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، تا ئێستا 77 چەکداری داعش و 39 شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕ و پێکدادانەکانی زیندانی غوێران لە حەسەکە کوژراون، هەروەها 7 هاووڵاتیش لەنێو کوژراوەکان هەن و ژمارەی کوژراوانیش بە گشتی گەیشتە 120 کەس. فەرماندەکانی هەسەدەش دەڵێن دەوروبەری زیندانی غوێرانیان بە تەواوی کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و داعش تەنیا لەنێو زیندانەکەدا ماوە.

گرتووخانه‌ی غوێران بە گەورەترین گرتووخانەی چەکدارانی داعش دادەنرێت، کە چوار هەزار چەکداری داعش لەو گرتووخانەیە زیندانی کرابوون، گرتووخانەکە کەوتووەتە سنووری پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، له‌ژێر دەسەڵاتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دایە.

دیمەنێکی کاتی شەڕ لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و چەکدارانی داعش لە گرتووخانەی غوێران
دیمەنێکی کاتی شەڕ لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و چەکدارانی داعش لە گرتووخانەی غوێران