شانەی راگەیاندن و ھۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندرا

بۆ سێ ئامانجی سەرەکییە

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

لە ھەولێر شانەی راگەیاندن و ھۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندرا. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوبارەوە رایگەیاند، ئەم ھەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازی دایە، كە ئامانج لێی پاراستنی گیانی پێشمەرگە و میدیاكارانە لەكاتی رووماڵەكاندا. ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئامانجییەتی زانیاریی راست و دروست بۆ رای گشتی بگوازێتەوە.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام پاڵپشتی ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندنە، بەڵام پێویستە کاری راگەیاندن لەپێناو پاراستنی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، لەو سۆنگەیەوە ئێمە بەردەوام هاوکاری میدیاکان بووینە، ویستومانە زانیاری دروست لە رێگەی میدیاکانەوە بگاتە خەڵک".

گوتیشی: "دامەزراندنی شاندی راگەیاندن و هوشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستکەوتێکی گەورەیە، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ قسەمان کردووە و هەمان شت جێبەجێ بکرێت".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "لەو هەنگاوەدا سێ ئامانج دەپێکین کە بریتین لە پاراستنی پێشمەرگەکان لە سەنگەرەکان، پاراستنی میدیاکاران، ئامانجێکی دیکە ئەوەیە لە سەرچاوەی دروستەوە زانیاری بۆ ناوخۆ و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان وەک خۆی بگوازینەوە".