جەیمس وێب گەیشتە خاڵی چاودێریکردنی گەردوون

دوای مانگێك گەیشتە شوێنی مەبەست

تەلیسکۆبی جەیمس وێب
تەلیسکۆبی جەیمس وێب

K24 - هەولێر:

دوای مانگێك لە هەڵدانی تەلیسکۆپی جەیمس وێب بەرەو بۆشایی ئاسمان، لە رێکەوتی (25ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022) گەیشتە ئەو شوێنەی کە تێیدا چاودێری گەردوون دەکات.

ئەو شوێنەی تەلیسکۆبەکە تێیدا چاودێری گەردوونی لێوە دەکات، ملیۆنێك و 500 هەزار کیلۆمەتر لە دیوی شەوی زەویەوە دوورە.

دیوی شەوی زەوی، وێنە: ناسا
دیوی شەوی زەوی - وێنە: ناسا

تەلیسکۆبەکە لە زەویەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و زانایان لە هەوڵی ئەوەدان ئامادەی بکەن بۆ کارکردن لەسەر چاودێریکردنی گەردوون.

چارلی ئاتکینسۆن، ئەندازیاری سەرەکی جەیمس وێب لە کۆمپانیای "نۆرسرۆپ گرۆمان" گوتی: هەوڵێکی زۆر چڕوپڕ هەیە بۆ ئەوەی هەموو ئەو 18 پارچەیەی کە پێکهێنەری ئاوێنە گەورەکەن پێکە ببەسترێنەوە و ئاوێنەی لاوەکیش لەگەڵیدا بخرێتە کار.

 کۆمپانیای نۆرسرۆپ گرۆمان بە هاوبەشی لەگەڵ ناسا لەسەر پرۆژەی تەلیسکۆبی جەمیس وێب کاری کردووە.

تەلیسکۆپەکە لە (25ـی کانوونی یەکەم 2021) بە مووشەکێکی جۆری"Ariane" لە وێستگەی کۆرۆ لە فەرەنسا بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێکەوت.

ناوی تەلیسکۆپەکە بەناوی ئەندازیارێکی پرۆژەی "Apollo Moon landings"ـەوە ناو نراوە، کە لەسەر تەلیسکۆپی هەبڵ کاری کردووە.

شێوه‌ی هاوێنه‌ی ته‌لیسكۆپه‌كه‌ وه‌ك شانه‌ی هه‌نگ وایه‌
شێوه‌ی هاوێنه‌ی ته‌لیسكۆپه‌كه‌ وه‌ك شانه‌ی هه‌نگ وایه‌

بیل نێلسۆن بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسمانی ئەمه‌ریکا (ناسا)، گوتی: "وێب پرۆژەیەکی سەرسوڕهێنەرە، نموونەیەکی درەوشاوەیە کە پێمان دەڵێت دەتوانین شتی لەمجۆرە بکەین ئەگەر خەونی گەورە ببینین، دەزانین پرۆژەکە سەرکێشی خۆی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی شتی گەورە بەدەستبهێنیت، دەبێت سەرکێشی گەورە بکەیت".

زانایانی ناسا پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و ته‌لیسكۆپه‌ وه‌ڵامی زۆربه‌ی پرسیاره‌ بێوه‌ڵامه‌كان ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ باره‌ی گه‌ردوون و سه‌ره‌تای درووست بوون و ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ بداته‌وه‌، به‌ جۆرێك بتوانێت 13 ملیار ساڵ پێش ئێستا ببێنێت.

وه‌ك ئاماژه‌یان بۆ كردووه‌، ته‌لیسكۆپه‌كه‌ هێنده‌ ورده‌، ده‌توانێت له‌ ماوه‌ی دوور دوو هێنده‌ی نێوان گۆی زه‌وی و مانگ، پله‌ی گه‌رمی مێرووله‌یه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی بپێوێت.

H.H