شه‌ڕ له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا هه‌ڵده‌گیرسێت
رووسیا هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی له‌سه‌ر سنوور مۆڵداوه و خۆرئاواییه‌كان به نیگه‌رانییه‌وه چاوه‌ڕێی هه‌ڵایسانی شه‌ڕ ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر رووسیا ئۆکرانیا داگیر بکات، له‌نده‌ن بەدووری نازانێت سزاکان سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتنیش بگرێته‌وه.
پێشتر جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاماژەی بەوە دابوو، بیر لە سەپاندنی سزا بەسەر پوتنیشدا ده‌كاته‌وه، ئەگەر رووسیا ئۆکرانیا داگیربکات.
ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتانی رۆژئاوا ئامادەکارییە سەربازییەکانیان زیادکردووە و پلانیان داناوە بۆ به‌دیلی هێڵه‌كانی وزەی ئەوروپا، ئەگەر هاتوو رووسیا رەوانەکردنی گاز بۆ ئەوروپا رابگرێت.
لیز تره‌س، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، سەرجەم پێشنیازەکان دەخەینە بەرچاو تاوەکو سزاکان بەسەر کۆمپانیا و کەس و لایەنی زیاتری رووسیادا بسەپێنین، كه لە رۆژانی داهاتوودا ئەوە دەخەینە بەرچاو.
ترەس گوتیشی، بەریتانیا چەکی بەرگری بە ئۆکرانیا ده‌دات.
لە سه‌روبه‌ندی مەترسییەکانی هێرشێکی نزیک بۆ سەر ئۆکرانیا، رووسیا مەشقی سەربازی زیاتر لە ناوچەکە رادەگەیەنێت، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی 127,000 سەرباز لە نزیک سنووری ئۆکرانیا، هێزی زیاتری لە سیبریا و رۆژهەڵاتی دوورەوە گواستەوە بۆ راهێنانی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانەکەی بێلارووس کە هاوسنوری ئۆکرانیایە.
ئەڵمانیاش رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا هه‌ڵبگیرسێت ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە بەها بنەڕەتیەکانی كیشوه‌ری ئەوروپا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ئەگەر رووسیا ئۆکرانیا داگیر بکات، باجی قورس دەدات.
ئه‌نتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا راگەیاند، وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی بە سێ رێگە کاردانەوەیان دەبێت ئه‌گه‌ر رووسیا ئۆكرانیا داگیر بكات یاخوود هێرشی بكاته سه‌ر، ئه‌مانه‌ن:
یەکەم، سەپاندنی سزای ئابووری و دارایی.
دووەم، پـێشکەشکردنی یارمەتی زیاتری لەشکری بۆ ئۆکرانیا.
سێیەم، بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی ناتۆ لە دیوی رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگه‌یاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی رووسیا لەسەر سنوور و ناوچە داگیرکراوەکانی وڵاتەکەی کۆیکردوونەتەوە ناتوانن هێرشێکی سەرتاسەر بکەنە سەر ئۆکرانیا.
دمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا راشیگه‌یاند، پشتیوانی و هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا و بابەتی بە ئەندامبوونمان لە ناتۆ هیچکات پاساوێک نییە، بۆ ئەوەی رووسیا هەرەشە لە ئاسایشی ئۆکرانیا بکات و هیچکات سازش لەسەر سەروەری ناکەن.