بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی نێو ماڵی شیعە دەدرێت

"هادی عامری پەشیمان بووەتەوە"
هادی عامری - موقتەدا سەدر
هادی عامری - موقتەدا سەدر

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە سەردانی نەجەف و بەشداریکردن لە حکومەتی نوێ، بەبێ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پەشیمان بووەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، خۆی چووە بەغدا و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە، لەگەڵ سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بکات.

بەگوێرەی ئاماژەکان، چەند کاتژمێری داهاتوو، بۆ ململانێکانی نێو ماڵی شیعە یەکلاکەرەوە دەبێت، چونکە رێبەری رەوتی سەدر بەنیازە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامبدات.

دوای پەشیمانبوونەوەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە بەشداریکردن لە حکومەت، چوونەوەی بۆ حەنانەی نەجەفی رەتکردەوە، موقتەدا سەدر خۆی چووە بەغدا و بەگوێرەی زانیارییەکانیش، بەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، لەگەڵ عامری کۆبووەتەوە.

میدیای رەوتی سەدریش بڵاویکردەوە، موقتەدا سەدر بەسەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتووەتە بەغدا، بەبێ ئەوەی باس لە ئامانجی سەردانەکە بکات.

هاوکات عادل مانع، سەرکردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، بڕیارە سەدر لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەکە، کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجام بدات. بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعەشی، بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و هەرێمی گەڕاندووتەوە.

لەلای خۆشییەوە، فازڵ موات، ئەندامێکی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشبینی دەکات، کۆبوونەوەکەی ئەمجارە چارەنووسساز دەبێت، چوارچێوەکەیان دوایین پەیامی هۆشداری دەداتە رەوتی سەدر، بۆ یەکخستنەوەی ماڵی شیعە.

بەڵام مەحمود حەیانى، کە ئەمیش ئەندامى چوارچێوەى هەماهەنگییە پێیوایە، گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان، بۆ یەکخستنى بۆچوونە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانى حکومەت بەردەوام دەبن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا، رێککەوتن لەنێوان لایەنەکانى شیعى بکرێت و حکومەتی داهاتووش، نوێنەرانی سەرجەم لایەنەکانی تێدابێت.

پێشتر موقتەدا سەدر گوتبووی، هادی عامری، رەزامەندی لەسەر بەشداریکردن لە حکومەت، بەبێ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتی نوری مالیكی دەربڕیووە، بەڵام دوای چەند رۆژێك پەشیمان بووەتەوە، بۆیە داوای لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش كرد، سەردانی نەجەف بکەن، بەڵام ئەوان رەتیان كردەوە، بۆیە دواجار خۆی چووە بەغدا.