سێکس بەرامبەر نهێنیەکانی دەوڵەت

دۆسیەیەکی ئابڕووبەرانەی هێزی دەریایی ئەمەریکا

کەشتیەکی جەنگی
کەشتیەکی جەنگی

K24 - هەولێر:

فەرماندەیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە بەرامبەر وەرگرتنی پارە و سێکس چەند نهێنیەکی سەربازی داوەتە کۆمپانیایەك.

بەگوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "BBC"، فەرماندەیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا بە ناوی "ستیڤن شێد"، چەند زانیاریەکی نهێنی سەربازی بەخشیوەتە کۆمپانیایەک، بە یارمەتی ئەو زانیاریانە، کۆمپانیاکە توانیویەتی فێڵ لە هێزی دەریایی ئەمریکا بکات.

بە گوێرەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، ستیڤن و چەند فەرماندەیەکی دیکەی سەربازی "لە ئاهەنگی شەوانەی تایبەتدا لەگەڵ سۆزانیەکاندا سێکسیان کردووە" و گەشتی دەرەوەی وڵاتیان کردووە و خەرجی ئەمانەش هەموو لەلایەن کۆمپانیای "GDMA" دراوە کە لە بەرامبەردا زانیاری نهێنی سەربازی لە فەرماندە سەربازیەکان وەرگرتووە.

بە گوێرەی داواکاری گشتی، زانیاریەکان لە بردنەوە و هێشتنەوەی چەند گرێبەستێکدا یارمەتی کۆمپانیاکەی داوە، کە بە نزیکەیی 35 ملیار دۆلار لەسەر هێزی دەریایی ئەمەریکا کەوتووە، گرێبەستەکان تایبەت بوون بە خزمەتگوزاریەکانی دابینکردنی بەلەم و ئاسایش و لابردنی پاشەڕۆ لە کەشتیەکاندا.

ستیڤن و چەند فەرماندەیەکی دیکە کە لە بنکەیەکی سەربازی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ژاپۆن خزمەتیان دەکرد، لە مانگی ئازاری 2017 لەلایەن دادگای فیدراڵیەوەوەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی تۆمەتبار کران.

بەکۆی گشتی 34 بەرپرسی دەریایی و بەڵێندەرانی بەرگری و کارمەندانی "GDMA"، لە دۆسیەکە تێوەگلاون، 28 لەوانە دانیان بە تاوانەکانیدا ناوە و بڕیارە 21ـی تەمووز ستیڤن لە دادگای فیدراڵی سزاکەی دەستنیشان بکرێت.