پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکووک دۆخی ئەمنی تاوتوێ دەکەن

فەرماندەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکووک کۆبوونەوە

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان

K24 – کەرکووک

بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان، شاندێکی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکووک کۆبوونەوە.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پێشمەرگە و سوپا لە کەرکووک، بۆ گفتوگۆ کردن بوو لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، بەتایبەتی لەم ماوەی دواییدا کە جموجۆڵی داعش زیادیکردووە".

راشیگەیاند: "هەر یەک لە فەریق ئەمیر شەمەری، جێگری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەریق جەبار یاوەر و لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و مستەفا چاوڕەش فەرماندەی یەکەکانی 70ی هێزی پێشمەرگە و ژمارەیەک فەرماندەی دیکە لە هەردوولا ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بوون".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "رووداوەکانی گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە و دۆخی ئەمنی پێش پێکهێنانی حکومەتی عێراق، دۆخەکە بە گشتی جیاوازە لەماوەیەک پێش ئێستا، هەست بەوە دەکرێت داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوە و بەهێزبوونە، بۆیە پێویستە سنوورەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق توندتر بکرێن".

گوتیشی: "سنوورەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە خانەقین و کەرکووکەوە تا دەگاتە سنووری سووریا بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق زۆر گرنگە".

عەبدولخالق تەڵعەت، جەختیکردەوە: "ئەو سنوورانەی کەوتوونەتە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە سوپای عێراق ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، بۆیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان دەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بکرێت، ئەو هەماهەنگییەی ئێستا هەیە سوودی زۆری بۆ هەردوولا هەیە و هیوادارین بەردەوام بێت، بەمەش دەتوانین کۆنتڕۆڵی هەموو ئەو ناوچانە بکەین کە مەترسی داعشیان لەسەرە".

Fly Erbil Advertisment