قاسم ئه‌عره‌جی: هه‌سه‌ده توانای مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ تیرۆرسته مه‌ترسیداره‌كانی هۆل نییه
"پێویسته وڵاتان داعشه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه.. سووربوونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی تیرۆرستان له كه‌مپی هۆل گومانی ئه‌وه دروست ده‌كات كه سیناریۆیه‌ك بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی داعش له‌ئارادایه"
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق له نووسینگه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مایكل ئانكهر، فه‌رمانده‌ی هاوپه‌یمانی ناتۆ له عێراق له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی ئه‌منیی هه‌ستیار كۆبووه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێك، كه له نووسینگه‌ی ئه‌عره‌جییه‌وه ده‌رچووه، له دیمانه‌كه‌دا قاسم ئه‌عره‌جی بۆ فه‌رمانده‌ی هاوپیه‌مانی ناتۆ جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه پێویسته وڵاتانی جیهان ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه، كه فه‌رمانده‌ی داعشن و ئێستا له گرتووخانه‌كانن، ئه‌گه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن وڵاته‌كانیشیان ره‌تكرایه‌وه، ئه‌وا پێویسته بگوازرێنه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه، چونكه ئه‌و چه‌كدار و سه‌ركرده زیندانیكراوانه‌ی داعش مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌عره‌جی له‌باره‌ی بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری تیرۆرستانی مه‌ترسیدار له كه‌مپی هۆل له پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا "رۆژئاوای كوردستان" جه‌ختیكرده‌وه، تواناكانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" له‌و ئاسته‌دا نین كه بتوانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره تیرۆرسته مه‌ترسیدارانه بكات، سووربوونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆرستانه له‌و كه‌مپه، گومانی ئه‌وه دروست ده‌كات، كه پێده‌چێت نیازێك بۆ سیناریۆیه‌كی دیكه بۆ دووباره زیندووكردنه‌وه‌ی داعش له‌ئارادا بێت.
له به‌رامبه‌ریشدا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ناتۆ له عێراق دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی عێراق له‌باره‌ی بوونی تیرۆرستی مه‌ترسیدار له كه‌مپی هۆل ده‌گه‌یه‌نێته هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان.
خستنه‌ڕووی كاری نێرده‌ی ناتۆ له عێراق لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ی نێوان ئه‌عره‌جی و ئانكهر بوو، به‌تایبه‌ت مه‌شقدانی هێزه عێراقییه‌كان.
H.B