تاریق حەرب یاساناسی دیاری عێراق کۆچی دوایی کرد
لە تەمەنی 78 ساڵیدا لە کازمیە کۆچی دوایی کرد
K24 – هەولێر
تاریق حەرب، یاساناسی ناوداری عێراق کۆچی دوایی کرد، کە یەکێک بوو لە پسپۆڕانی یاسایی و دەستووری عێراق.
زیاد تاریق، کوڕی تاریق حەرب لە پەیامێکدا رایگەیاند: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ باوکم لە تەمەنی 78 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی کازمیە کۆچی دوایی کرد، هەر لەوێش بە خاکدەسپێردرێت".
تاریق حەرب، جگە لەوەی شارەزای یاسا و دەستوور بوو، کەسێکی راستگۆ بوو لە پیشەکەی، پێچەوانەی خەڵکی شۆڤێنی بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە، کە دەبێ مافە دەستوورییەکانی کورد دەستەبەر بکرێت.
پێش کۆچی دوایی تارق حەرب دوا لێدوانی رۆژنامەوانی بۆ کوردستان24 بوو لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق و گوتی: "پێم وایە هەڵبژاردنی زێباری زۆر ئاسانتر دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی تر، ئەزانی بۆ لە بەر ئەوەی زیاتر لە 180 پەرلەمانتار بە فەرمی و ئاشکرا رایانگەیاندووە دەنگ بە هوشیار زێباری دەدەن، چونکە زێباری لە لایەن سێ کوتلەی گەورەوە پاڵپشتی دەکرێت، کە کوتلەکانی سەرۆک بارزانی و حەلبوسی و سەماحەتی موقتەدا سەدرە".