رووسیا بنکە سەربازیەکەی فراوان دەکات
هێزی زیاتری هێناوەتە سەر سنووری ئۆکرانیا
K24 - هەولێر:
مانگە دەستکردەکان وێنەیی نوێی بنکە سەربازییەکەی رووسیایان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت رووسیا بکە سەربازیەکەی فراوان کردووە و تانک و جبەخانەی زیاتری هێناوەتە بنکەکە.
بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "CNN"، هێزەکانی رووسیا لە دوو هەفتەی رابردوودا بەرەو بێلارووس جووڵەیان کردووە.
وەزیری بەرگری بێلارووس و وەزیری بەرگری رووسیا دەڵێن جووڵاندنی ئەو هێزانە پێش دەستپێکردنی راهێنانێکی گەورەی سەربازییە لەم مانگەدا.
وێنەکە لەلایەن مانگی دەستکردی کۆمپانیای "ماکسەر"ـەوە گیراوە و کۆمپانیاکە دەڵێت جووڵاندی هێزەکان "بەرزبونەوەی ئاستی چالاکی و ئامادەیی سەربازیی دەردەخەن".
ماکسەر و چەند کۆمپانیاکەی دیکەی بواری مانگە دەستکردەکان، دەڵێن لە چەند مانگی رابردوودا تێبینی فرانبوونی زەوی راهێنانی هێزەکانی رووسیایان کردووە بە رووبەری 241 کیلۆمەتر لەسەر سنووری ئۆکرانیا.
بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە لە کاتێکدایە کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەوڵ دەدات وڵاتەکەی پەلکێش بکاتە جەنگەوە.
سەرۆکی رووسیا باسی لەوەش کرد کە حکومەتەکەی نیگەرانن لە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ لە ئەوروپادا، ئەمەریکاش ئەم نیگەرانیانەی فەرامۆش کردووە.
ئەمەریکا و ناتۆ، رووسیا بە پلاندانان بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکەن، رووسیا زیاتر لە جارێک ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە.
H.H