مه‌سرور بارزانی: خه‌ڵكی كوردستان پێشوازی له‌ كوشتنی ئه‌بو ئیبراهیم ئه‌لقرشی ده‌كه‌ن

داوای هاوكاری و پشتیوانی زیاتر بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ كوژران و سڕینه‌وه‌ی ئه‌بو ئیبراهیم ئه‌لهاشمی ئه‌لقه‌رشی، ناسراو به‌ "حاجی عه‌بدوڵڵا" ده‌ربڕی.

شه‌وی رابردوو، هێزه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ باكووری سووریا، له‌ رێی دابه‌زینه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر خانووییه‌كی سێ نهۆمی، كه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می داعش خۆی تێدا حه‌شار دابوو.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ره‌سمیی ئه‌مه‌ریكا، له‌ كاتی هێرشه‌كه‌دا، حاجی عه‌بدوڵڵا، له‌ نهۆمی سێیه‌می خانووه‌كه‌ خۆی ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ ژن و منداڵه‌كانیشی كوژراون.

ده‌قی وته‌یه‌كی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ده‌قی وته‌یه‌كی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

له‌و باره‌یه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رێی هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، پیرۆزبایی و ستایشی ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی له‌ جۆی بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و سوپای ئه‌مه‌ریكای كردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسیویه‌تی: خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتیی و به‌ تایبه‌تی ئێزدییه‌كان خۆشحاڵن به‌ له‌كۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆریسته‌.

ئه‌لقه‌رشی داواكراو بوو
ئه‌لقه‌رشی داواكراو بوو

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: "لەناوبردنی تیرۆریست ئەبو ئیبراهیم ئەلقه‌رشی لەم ناوچەیە، کە قەرشی زۆر زیانی پێگەیاندووە، لەلایەن خەڵکی کوردستان بەگشتی و خوشک و برا ئێزیدییەکانمانەوە بەتایبەتی، پێشوازی لێدەکرێت. جینۆسایدکردن و کردەوە تێکدەرانە و وێرانکارییەکانی قه‌رشی کۆتاییان هات. داعش تووشی شکستێکی دیکە بووەوە".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، "داوا لە ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەم  لە پرۆگرامی راهێنان و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام بن. هێشتا هەڕەشەی ئەم گروپە تیرۆریستە کۆتایی نەهاتووە".

پێشتریش، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، جۆ بایدن، له‌ وتارێكدا، رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له‌ سووریا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و له‌ عێراقیش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.