دیالۆگی نێوان ئاییینەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت
کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دیالۆگەکە دەکات
K24 – سلێمانی
لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوبات، کە بە هەفتەی لێبوردەیی نێوان ئایینە جیاوازەکان ناسراوە، بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24، دیالۆگی نێوان ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ شەممە 5/2/2022، رێکخراوی دیالۆگ و کولتوور بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکان کۆرنەری سلێمانی و سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24، دیدارێک بۆ باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان لە سلێمانی رێکدەخەن.
محەمەد عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری رێکخراوی دیالۆگ و کولتوور بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ساڵانی رابردووشدا ئەم هەفتەیە بەرز راگیراوە، ئەمساڵیش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24 و ئەمەریکان کۆرنەری سلێمانی، بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 دیدارێک لە نێوان باوەڕدانی ئایینە جیاوازەکان رێکدەخەین".
گوتیشی: "باوەڕدارانی حەوت ئایین لە هەرێمی کوردستان هەن، جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئەمساڵ لە هەر ئایینێک پێنج کەسایەتی ئامادە دەبن، لەو پێنج کەسە تەنها یەکێکیان کەسایەتی ئایینییە، ئەوانی دیکە هەر یەکەیان لە بوارە جیاوازەکان ئیش دەکەن، ئامانجمان ئەوەیە ئەو پەیوەندییەی لەنێوان ئایینەکان هەیە شۆڕی بکەینەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، هەروەها دەمانەوێت ئەو دیالۆگە جوانەی لە کوردستان هەیە پیشانی دەرەوەی بدەین، بە نموونە هەشت ئایین لە سلێمانی هەن تائێستا هیچ کێشەیەک لەنێوانیاندا نییە، بەڵکو بە هەمانگی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر دەژین".
لە ساڵی 2010، نەتەوە یەکگرتووەکان، هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی بە هەفتەی لێبوردەیی نیوان ئایینەکان ناساند.