ئەعرەجی: بوونی چەکدارانی پەکەکە لە عێراق نایاساییە

"کەسێک دەستگیرکراوە و زانیاری گرنگی لەبارەی هێرشەکان درکاندووە"

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 - هەولێر

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بوونی چەکدارانی پەکەکە لەناو خاکی عێراق بە نایاسایی ناوبرد و رایدەگەیەنێت، پێویستە لە هەموو ناوچەکان بچنە دەرەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فەرمی عێراق، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند "بوونی چەکدارانی پەکەکە لەناو خاکی عێراق نایاساییە و پێویستە لە شنگال و ناوچەکانی دیکە بچنە دەرەوە".

لەبارەی هێرشی میلیشیاکانیشەوە گوتی "چەند گرووپێکی کرێگرتە، بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی بیانی، هێرش دەکەنە سەر نێردە دپلۆماتییەکان، کە هەرگیز ئەمە مایەی قبووڵ کردن نییە، کەسێکیش لەسەر ئەمجۆرە هێرشانە، لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە دەستگیرکراوە و زانیاری گرنگی درکاندووە".

هەر لەوچاوپێکەوتنەدا ئەعرەجی ئاماژەی بەوەدا "هیچ هێزێکی بیانی لە عێراقدا نییە، تەنیا راوێژکارانی سەربازین و لەسەر داوای حکومەتی عێراق ماونەتەوە".

راشیگەیاند" رێککەوتنێک لە بوارەکانی، ئاسایش، ئابووری، تەندروستی و پەروەردە، لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و پێویستە لایەنی عێراقی، سوود لەم جۆرە رێککەوتنە وەربگرێت".