مەهاب مەدەنی: کار لەسەر هەمەچەشنکردنی داهاتەکان دەکەین

"سەرژمێری بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان دەکەین"

K24 - هەولێر

بەرپرسی دۆسیەی گەنجان لە پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بە ئامانجی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە عێراق سەرژمێری بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی سەرژمێری بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر کۆنفرانسێک لەنێوان وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. مەهاب مەدەنی، بەرپرسی دۆسیەی گەنجان لە پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە دەستپێکردنی ئاراستەی سەرەکی حکومەتی عێراق، بۆ ئەو کەرتانەی زیاتر گشتگیر و هەمەجۆرن، دەستمانکرد بە سەرژمێری ئەو پڕۆژەی بچووک و مامناوەندەکان کاریگەری راستەوخۆ ئەرێنیان هەیە لەسەر فەراهەمکردنی هەلیکار".

گوتیشی: "لە بوارەکانی گەشەی بەرهەمهێنان و دەرفەتی زیادکردنی رکابەری، دەستمان بەکارەکان کرد، بۆ رێکخستنی سەرژمێری تەواو بۆ پڕۆژە بچووکەکان و مامناوەندەکان، ئێستا کارەکانی سێ پارێزگا کە بریتین لە نەینەوا و بەسڕە و بەغدا تەواوکراوە، ئەمڕۆش لەگەڵ وەزارەتی پلاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستمان بە کارەکان کردووە، بۆ ئەوەی هەمان پرۆسەی سەرژمێری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەین".

راشیگەیاند: "لەکاتێکدایە عێراق رووبەڕووی چەندین سەختی دەبێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە ئێستا عێراق لە دۆخی راگوزەردایە، هەروەها دۆخی ئابوورییەکەی بە شێوەیەکی گەورە پشتی بە سەرچاوەیەک بەستووە، کە ئەویش کەرتی نەوتە، لە هەمان کاتدا ئێستا حکومەت هەوڵدەدات و کار بۆ ئەوە دەکات پشت بەستنی بە تەنها سەرچاوەیەک کەمبکاتەوە،  سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بێت. کە کەرتی تایبەت سەنتەری کارەکان دەبێت".