هەرێمی کوردستان 10 زیندانی رادەستی ئێران دەکاتەوە
قۆناغی چوارەمی ئاڵوگۆڕ کردنی زیندانیان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران جێبەجێ دەکرێت
K24 – هەولێر
لە قۆناغی چوارەمی ئاڵوگۆڕ کردنی زیندانیان لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران 10 زیندانی لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی کۆماری ئیسلامی کرانەوە.
رۆژی دووشەممە 7/2/2022، هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی چوارەمی ئاڵوگۆڕ کردنی زیندانیان کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا واژۆ لەسەر جێبەجێکردنی قۆناغی چوارەمی پرۆسەی ئاڵۆگۆڕی زیندانیان کرا، شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو لە ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی، عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، مسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەسروڵڵا رشنودی سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر، سەید کەمال عەبدوڵڵاهی نوێنەری وەزارەتی دادی كۆماری ئیسلامی ئێران.
بەگوێرەی راگەیەندراوی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران لەم قۆناغەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان 10 زیندانی رادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران كردووەتەوە و ماوەی حوكمەكانیان لەناو گرتووخانەکانی ئێران تەواو دەکەن.
ئاڵوگۆڕكردنی زیندانیان لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی رێككەوتنێكە كە لەنێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشت بە یاسای ژمارە (6)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە ساڵی (2014)دا دەرچووە، پاڵپشت بەم یاسایە رێككەوتن لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كراوە بۆ ئاڵوگۆرکردنی زیندانیان .
.jpg)
.jpg)