"کەشتییه جەنگییهكانی رووسیا بهرهو دەریای رەش به رێكهوتن"
"چەند رۆژی داهاتوو گرنگ دەبن"
K24 - ههولێر:
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی رووسی لهسهر زاری وەزارەتی بەرگری ئهو وڵاته بڵاویکردەوە، شەش کەشتی جەنگی رووسی بە مەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی بۆ دەریای رەش به رێكهوتن.
مانگی رابردوو رووسیا بڵاویكردهوه، هێزی دەریاییان مەشقی سەربازیی ئەنجام دەدات کە سەرجەم کەشتیگەلە سەربازییەکانی لە دەریای هێمنەوە بۆ دەریای ئەتڵەسی بەشداری دەکەن.
سەرچاوە تورکییەکان ئاماژه بهوه دهكهن، وا بڕیارە شەش کەشتیە رووسیەکە بە ئاوهكانی تورکیادا بهرهو دەریای رەشەوە تێپەڕ ببن.
هەریەک لە کەشتیەکانی کۆرۆلێڤ، مینسک و کالینینگراد، بەشداری لە مەشقەکاندا دەکەن و وابڕیارە سبهی چوارشەممە 9ـی شوبات / فێبرایهری 2022 کەشتیەکانی جیۆرجی، پۆبیدۆنۆسێتس، ئۆلینگۆرسکی و گۆرنیاک بە ئاوهكانی توركیا تێپەڕ ببن.
روسیا پتر له 1280.000 ههزار سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، رەتیشی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی كییڤی هەبێت، بەڵام کۆمەڵێک داواکاری ئەمنی ئاراستەی وڵاتانی رۆژئاوا کردووە، لەوانەش داوایکردووە هاوپەیمانێتی ناتۆ رێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام له سوپای پهیمانی باكووری ئهتڵهسی و هەروەها سستمی موشەکی رەوانەی سنوورەکانی نزیک رووسیا نەکات و هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە.
تورکیا سنوورێکی ئاوی لە دەریای رەشهوه لەگەڵ ئۆکرانیا و رووسیادا هەیە، رایگهیاندووه هەر ململانێیەکی سەربازیی له ئاوهكانیدا جێگهی قبوڵکردن نابێت.
لەلایەکی دیکەوه ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا رایگهیاند، تایبهت به گرژییەکانی ئۆکرانیا، چەند رۆژی داهاتوو گرنگ دەبن.