ماكرۆن په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌كات

له‌گه‌ڵ پوتن پرسی ئۆكرانیای تاوتوێكرد

ئيمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
ئيمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا

K24 – هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، "ئیمانوێڵ ماكرۆن" بڵاویكرده‌وه‌، سەرۆکی فەرەنسا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ لەگەڵ "ئۆلاف سکۆلزی" سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا و سەرۆکەکانی ئۆکرانیا و ئەمه‌ریکا پرسی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا تاوتوێ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (12ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، "ماکرۆن" په‌یوه‌ندیكرد به‌ "ڤلادیمر پوتین"ـی سەرۆکی رووسیا و رایگه‌یاند، خۆرئاوا سوور ده‌بێت له‌سه‌ر كاردانه‌وه‌ له‌ دژی هه‌ر هێرشێكی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا و ده‌سته‌وه‌ستان نابێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌، یاریدەدەرانی سەرۆکایەتی فەرەنسا وتیان، پاریس لەو باوەڕەدایە، "پوتن" پێی وایە، رووسیا ده‌ستپێشخه‌ری شه‌ڕی نه‌كردووه‌، بەڵام خۆرئاواییه‌كان له‌سه‌ر سنووری رووسیا نزیك بوونه‌ته‌وه‌.

ئامانجی "پوتن" بەدیهێنانی "بێلایەنی ئۆکرانیا" بوو ئەو دەزانێت کە ئەمە بۆ خۆرئاواییه‌كان قبوڵ ناکرێت و مەشقە سەربازییەکانی "ناتۆ" له‌ نزیك سنووره‌كانی رووسیا مه‌ترسیان درووست كردووه‌.

نووسینگەی راگه‌یاندنی كۆشكی ئه‌لیزێ ئاشكرایكرد، فەرەنسا ئامۆژگاری هاووڵاتیانی دەکات و داوایان لێ ده‌كات روو له‌ ئۆكرانیا نه‌كه‌ن، بەڵام داوای جێهێشتنی وڵاته‌كه‌یان لێ ناكات.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس