کارەبای خانووەکەی شێخ جەعفەر نەبڕدراوە

نووسینگەی میدیایی جێگری سەرۆکی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری یەكەمی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری یەكەمی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بڕینی کارەبای خانوویەکی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم لەلایەن قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێرەوە "بەهۆی ئەوەی کارەبای سەرپێچی راکێشاوە"، نووسینگەی میدیایی جێگری سەرۆکی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیەی رەت کردەوە.

نووسینگەی میدیایی جێگری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، هەواڵی بڕینی کارەبای خانوویەکی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم  دوورە لە راستییەوە و هیچ پەیوەندیەکی بە شێخ جەعفەرەوە نییە.

نووسینگەی میدیایی جێگری سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، خانووەکان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، بۆیە ئەوان سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و جێگری سەرۆکی هەرێم لە ساڵی (2014)ـەوە لەو خانووانە بەرپرسیار نییە، بەڵکو سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن.