دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: روودانی شه‌ڕ له ئۆكرانیا شكستی دیپلۆماسی جیهانییه
"پێده‌چێت شه‌ڕ رووبدات"
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا و داواكارییه‌كانی مۆسكۆ له‌باره‌ی پاراستنی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و نیگه‌رانی ئه‌مه‌ریكا له‌مباره‌یه‌وه، خه‌ریكه جیهان به‌ره‌و جه‌نگی جیهانی سێییه‌م ببات.
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا تایبه‌ت به كوردستان24ـی راگه‌یاند، پێشبینیكردن له‌باره‌ی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا كه‌مێك قوورسه، وه‌كو ئاماژه پێده‌چێت شه‌ڕ رووبدات، كاری زۆریش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت شه‌ڕ روونه‌دات، چونكه روودانی شه‌ڕ به واتای شكستی دیپلۆماسی سیستمی نوێی جیهانه.
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، باس له‌وه ده‌كات، په‌نابردن بۆ رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی و داگیركردن، وا ده‌كات له زۆربه‌ی جیهان ئه‌م هه‌نگاوه دووباره ببێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه ده‌مێكه چین هه‌وڵده‌دات تایوان داگیر بكات.
ئاژگه‌یی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، پوتن گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ی ده‌وێت، جۆرجیا و ئۆكرانیا هه‌رگیز نه‌بنه ئه‌ندام له ناتۆ، فیله‌ندا ئێستا ئه‌ندامه له یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دراوسێی رووسیایه، تا ئێستا نه‌بووه‌ته ئه‌ندام له ناتۆ.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، مه‌به‌ست له دامه‌زراندنی ناتۆ، دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایشه بۆ ئه‌وروپا، وه‌رگرتنی ئۆكرانیا له ریزه‌كانی ناتۆ به‌ڕای چاودێره سیاسییه ئه‌وروپییه‌كان خزمه‌ت به ئاسایش و سه‌قامگیری ئه‌وروپا و جیهان ناكات، به پێچه‌وانه‌وه ئاسایشی ئه‌وروپا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، چونكه رووسیا ئه‌م هه‌نگاوه به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی ئه‌ژمار ده‌كات، ره‌نگه مۆسكۆ مافی خۆی بێت، به‌ڵام نه‌وه‌ك به هه‌نگاوی داگیركردنی كیڤ كۆتایی پێبێت.
ئاژگه‌یی گوتی: "ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا ترسیان له‌وه‌دایه، رووسیا دوای ئۆكرانیا، (لیتوانیا و لاتیڤیا) داگیر بكات، كه به‌م دواییه بوونه‌ته ئه‌ندامی ناتۆ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه رووبدات، ناتۆ به گوێره‌ی په‌ره‌گرافی5، پێویست ده‌كات به شێوه‌ی سه‌ربازی به‌رگری له ئه‌ندامانی بكات.
ئاژگه‌یی گوتیشی: رووسیا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، یه‌كێتی ئه‌وروپا په‌راوێز بخات، بۆ نموونه پوتن هه‌وڵه‌كانی ماكرۆن و به‌ریتانیا و به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپای به‌هێند وه‌رنه‌گرت، له دۆسییه‌ی چین و تایوانیش، ئه‌وروپا ئاگاداری گفتوگۆكان نییه.
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی له‌كاتی جه‌نگ رووبه‌ڕووی ئه‌وروپا ده‌بێته‌وه، پرسی هێڵی غازی نۆرد ستریم2ـه، كه له رووسیاوه غاز بۆ وڵاتانی ئه‌وروپی دابین ده‌كات، مۆسكۆ ده‌یگرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی گرانبوونی غاز، له‌لای خۆیه‌وه ئه‌مه‌ریكا بیر له‌وه ده‌كاته‌وه غاز بۆ ئه‌و كیشوه‌ره دابین بكات، ئێران و هه‌رێمی كوردستانیش دوو ئالته‌رناتیڤی سه‌رچاوه‌ی غازن بۆ ئه‌وروپا.
ئاژگه‌یی راشیگه‌یاند، رووسیا زیاتر له 127 هه‌زار سه‌ربازی ره‌وانه‌ی سنووره‌كانی ئۆكرانیا كردووه، جیا له‌وه‌ش به بیانووی مه‌شقی سه‌ربازی هێزێكی به‌رچاوی ناردووه‌ته بێلاڕووس، كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا، ولاتانی ئه‌ندام له ناتۆ له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا، بڕیاریانداوه هێز ره‌وانه‌ی وڵاتانی باڵتیك (لیتوانیا – لاتیڤیا) بكه‌ن، كه ئه‌ندامی ناتۆن.
ئاژگه‌یی روونیكرده‌وه، رووسیا، له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سۆڤییه‌ت هه‌ژموونی له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپادا نه‌ماوه، له ئێستادا خۆی به هێز نیشان ده‌دات، هه‌وڵه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی دووباره به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا بسه‌پێنێت، به‌تایبه‌ت راگرتنی به ئه‌ندامبوونی جۆرجیا و ئۆكرانیا له ناتۆ، مۆسكۆ پێی وایه، كاتی ئه‌وه هاتووه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ رێكه‌وتنی یاڵتای ساڵی 1945، كه ماف به مۆسكۆ ده‌دات هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپیدا بسه‌پێنێت، تا له‌و رێگه‌یه‌وه نه‌هێڵێت ئۆكرانیا و جۆرجیا بچنه ریزی ناتۆ، هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ناتۆ له وڵاتانی ئه‌ندام له ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی ناتۆ بۆ پێش ساڵی 1997، هه‌روه‌ها پێدانی گه‌ره‌نتی یاسایی به ئاسایشی رووسیا و كشاندنه‌وه‌ی مووشه‌كه دوور هاوێژه‌كان.
k.b