دیندار زێباری: رێكهوتنی شنگال جێبهجێ نهكراوه
"داوا لە پێکهاتە چەکدارەکان دەکەین خاکی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ"

K24 – ههولێر:
کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی تایبهت به پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوونی عێراق بە پەیماننامەکە لە قاهیرە دەستیپێکرد و حکومەتی هەرێم بە شاندێکی فەرمی تێیدا بەشدارە.
نووسینگهی رێكخهری راسپارده نێودهوڵهتییهكانی سهر به حكومهتی ههرێمی كوردستان راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه تێیدا هاتووه، ئەمڕۆ 14ـی شوبات / فێبرایهری 2022، کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی تایبهت به پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوونی عێراق بە پەیماننامەکە لە قاهیرە بەڕێوەچوو.
نووسینگهی رێكخهری راسپارده نێودهوڵهتییهكان راشیگهیاند، حکومەتی ههرێمی كوردستان بە شاندێکی فەرمی کە پێکهاتوون لە کەسانی شارەزا لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕانی یاسایی، دیندار زێبارییش رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات.
د. دیندار زێباری، سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی كوردستان، له گوتارێكدا رایگهیاند، حکومەتی هەرێمی بەردەوام دەبێت لە حهواندنهوهی ئاوارە و پەنابەران لەژێر هەر هەڵومەرجێکدا بن.
دیندار زێباری، راشیگهیاند، پرسی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش هێشتا پرسێکی هەڵپەسێردراوە، رێککەوتننامەی شنگال هێشتا جێبەجێ نەکراوە و چەند هێزێکی چەکداری ناعێراقی لەم ناوچانە بوونیان هەیە، ئەمەش وایکردووە بۆشاییە ئەمنییەکان فراوانتر ببن و تیرۆرستانی داعش جموجۆڵەکانیان دەستپێبکەنەوە.
زێباری جهختی لهوه كردهوه، كاتی ئازاد كردنی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش، 1719 پێشمەرگە شەهیدبوون و هەروەها 10369 پێشمەرگە برینداربوون و 47یش تا ئێستا بێ سەروشوێنن.
دەربارەی پێکدادان و بۆردوومانە سنوورییەکان، زێباری ئاماژهی بهوه كرد، ساڵی رابردوو، 626 بۆردوومانی سنووری هەبووە کە 216 هێرشی ئاسمانی و 403 تۆپ و 8 هێرشی زەمینی تۆمارکراون، بەردەوامی ئەم هێرشانە سەروەری عێراق دەخەنە ژێر هەڕەشەوە، داوا لە پێکهاتە چەکدارەکان دەکەین خاکی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هاوکات داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین ئەوە لەبەرچاوبگرن کە خەڵکی سڤیل لە ناوچە سنوورییەکان نیشتەجێن و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ماڵ و حاڵیان لەژێر مەترسیدایە.