میری قه‌ته‌ر بانگهێشتی مه‌سرور بارزانی ده‌كات

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ده‌وحه‌ ده‌كات
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەر بانگهێشتی فەرمی ميری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، بە یاوەری شاندێکی حکومی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) سەردانی قەتەر دەکات.

سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەیدا، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ میری قەتەر، لە گەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، ئامانج لەم سەردانە، گفتوگۆکردنە دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان و وزە و کشتوکاڵ.

ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر داوی سەردانەکانی دێت بۆ بەحرەین و ئیمارات. له‌ کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، "مەسرور بارزانی"، بۆ بەشداری لە دیالۆگی مەنامە سەردانی بەحرەینی کرد. لە پەراوێزی دیالۆگی مەنامە، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەحرەین و وڵاتانی دیکەی بەشداری دیالۆگەکە هەبوو.

دوای بەحرەین و لە 25ی مانگی رابردووش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیماراتی کرد، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئالنهیان جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی ئیمارات و بەرپرسانی باڵای ئیمارات کۆبوویەوە.

ئیمارات، بەحرەین و قەتەر، سێ وڵاتی بەهێز و کاریگەری وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكه‌ و جیهانن. پەیوەندییەکی باش و دۆستانەیان لەگەڵ گەلی کورد و هەرێمی کوردستاندا هەیە. لە سەردەمی کابینەی نۆیەمەدا ئەم پەیوەندییانە بەشێوەیەکی کرداری چوونەتە قۆناغێکی دیکە و هەرسێ وڵات بەفەرمی بانگێشتنامەیان بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە.

ئامانجی سەرەکی سەرۆکی حکومەت و کابینەی نۆیەم بەدیاریکراوی، جیا لە بەرەپێشبردنی پەیوەندییە سیاسییەکان، بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری و ئاڵۆگۆڕی بارزگانی و هاندانی کۆمپانیاکانی ئیمارات، بەحرەین و قەتەرە بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە سێکتەر جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.