په‌رله‌مانی كوردستان: بڕیارى دادگای فیدراڵی ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ بنەماكانی سیستمی فیدراڵی و دەقە دەستوورییه‌كان

"ئەمجۆرە بڕیار و بیركردنەوانە گورزی كەمەرشكێن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و پرۆسەی حوكمڕانی و مافی هاونیشتیمانیبوون دەدات"

په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقی، تایبه‌ت به‌ یاسای نه‌وت و غاز، په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ بنەماكانی سیستمی فیدراڵی و دەقە دەستوورییه‌كان و ئەمجۆرە بڕیار و بیركردنەوانە گورزی كەمەرشكێن لە سیستمی فیدراڵیی عێراق و پرۆسەی حوكمڕانی و مافی هاونیشتیمانیبوون دەده‌ن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی په‌رله‌مانی كوردستان:

دەوڵەتی عێراقی فیدراڵی وەك لە ماددەی (3)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005 دا هاتووە، دەوڵەتی هەموو عێراقییەكانە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە.

فیدراڵییەت لە مانای بنەڕەتی و راستەقینەی خۆیدا دابەشكردنی دەسەڵاتە، لەوانەش دەسەڵاتی ئیدارەدانی دارایی و سامانە سرووشتییەكان لەنێوان دەسەڵاتەكانی فیدراڵی و هەرێمەكاندا، فیدراڵییەتی فرەپێكهاتەش لەسەر چەمكە بنەڕەتییەكانی سەربەخۆیی زاتی، هاوبەشێتی، هاوسەنگیی دەستووری و هاریكاری و لامەركەزییەتی سیاسیی فراوان، وەستاوە.

ئەمە لە كاتێكدا، بنیادی دەستووری عێراق لەسەر بنەمای سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ئیتیحادی دروست بووە، ئەمەش دەخوازێت كە دەقەكانی دەستوور بە ئاراستەی لەبەرچاوگرتنی دادپەروەری و پاراستنی پرەنسیپەكانی فیدراڵی و یەكسانی شرۆڤە بكرێت، بەبێ ئەوەی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمەكان تەحجیم بكات و سنوورگەلی نادەستووری بۆ دەسەڵاتەكانیان دابنێت.

بۆیە هەر مامەڵەكردنێكی ناهاوسەنگ لە پیادەكردنی دەسەڵاتەكان و مامەڵەكردنی ئینتیقائییانە لەگەڵ دەقەكانی دەستووردا، ئامرازی بنكۆڵكردنی سیستەمە فیدراڵییەكەن و لێكەوتە و دەرەنجامەكانی لە كۆتاییدا خزمەت بە وڵات و ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییانیشی ناكات.

هەر لەم روانگەیەشەوە بوو كە هەرێمی كوردستان دەستپێشخەر و داكۆكیكار بووە لە جێگیركردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا و بەردەوام كاری بۆ پتر چەسپاندنی كردووە، چونكە ئەزموونی تاكڕەوی و مەركەزییەت نەهامەتییەكانی رابردووی بۆ گەلانی عێراق خوڵقاند.

لەم میانەیەشدا، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق لە ڕێكەوتی 2022/2/15، لەمەڕ دەسەڵاتی ئیدارەدانی نەوت و سامانە سرووشتییەكان لە عێراقدا، ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ بنەماكانی سیستەمی فیدراڵی و دەقەكانی دەستووری عێراقیشدا، سەرەنجامیش ئەمجۆرە بڕیار و بیركردنەوانە گورزی كەمەرشكێن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و پرۆسەی حوكمڕانی و مافی هاونیشتیمانیبوون دەدات.

چونكە:

پەر‌له‌مانی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمه‌ و به‌پێی مادده‌ی (117/ برگه‌ی یه‌كه‌م) له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق دانی پێدانراوه. هەروەك به‌پێی مادده‌ی (121)ـی دەستووریش مافی ده‌ركردنی یاسای پێدراوە. بۆیه‌ دەركردنی یاسای ژمارە (22)ـی ساڵی 2007 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، هاوتایە لەگەڵ دەستووری عێراق و لەچوارچێوەی تایبەتمەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندایە.

بۆیە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و به‌ ناده‌ستووری ناوبردنی ئەو یاسایە له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و خودی بڕیارێكی پێشووی دادگاكە، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌:

1-  ده‌ستووری عێراق له‌ مادده‌ی (110)دا به‌ هیچ شێوه‌‌یه‌ك به‌رێوه‌بردنی سامانه‌ سروشیتیه‌كان له‌ نێویاندا نه‌وت و گازی به‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌صری حكومه‌تی فیدراڵی دانه‌ناوه‌. بەڵكو مادده‌ی (112/ برگه‌ی یه‌كه‌م)ـی ده‌ستوور جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمه‌كانن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌رێوه‌بردنی ئه‌و كێڵگانه‌ی پێش نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ ساڵی 2005 له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌رێوه‌‌براون.

2- بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی دژ به‌ بڕیارێكی پێشتری خۆیه‌تی كه‌ ژماره‌ (8)ـی ساڵی 2012 ـیه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر به‌شداریپێكردنی هه‌رێم و پارێزگا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی نه‌وت ده‌كاته‌وه لە داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و سامانە سرووشتیەكان.‌

3-  دەركردنی یاسای ژمارە (22)ـی ساڵی 2007ى هەرێمی كوردستان پاش نائومێدبوون بووە لەوەی كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەركی دەستووریی خۆی لە دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی هەڵناسێت، لە نەبوونی ئەم یاسا گرنگە فیدراڵییەشدا كار بە هەندێك یاسای سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوو دەكرێت كە یاساگه‌لێكن به‌ بیری ناوه‌ندگه‌رایی داڕێژراون، لەگەڵ بنەما دەستوورییەكان بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و سامانە سرووشتییەكان، یەكناگرنەوە، له‌وانەش‌ یاسای ژماره (101)ی ساڵی 1976 و یاسای ژماره‌ (84)ی ساڵی 1985 كه‌ دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا پشتی پێبەستوون.

4- مادده‌ی (111)ی ده‌ستوور جه‌ختی لەوە كردووەتەوە كە خاوه‌ندارێتیی نه‌وت و گاز بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراقە، هەرێمی كوردستانیش له‌ ڕوانگه‌ی پابەندبوونی بەم بنەمایە ‌ له‌ مادده‌ی (3)ی یاسای ژماره‌ (22)ی ساڵی 2007 دا جه‌ختی لەسەر كردووەتەوە و بەتەواوی پابەندی بووە. هەر بۆیەش بەتێكڕایی بڕی داهاتی فرۆشراوی نه‌وتی، بەو شێوەیەی كە له یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا دیاری كراوە‌، گەڕاندووەتەوە بۆ حكوومەتی فیدراڵی و پاشان به‌شێوه‌ی له‌ بریدانان (مقاصه‌) و به‌شی هه‌رێمی كوردستانی لێدراوه‌.

5- په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2007ەوه‌ كه‌ یاسای ژماره‌ (22)ی نه‌وت و گازی ده‌ركردووه،‌ حكوومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانیدا كردووه‌. ئەمەش‌ له‌ دواهه‌مین یاسای بودجه‌ی عێراق ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و له‌ مادده‌ی (11)ی یاساكەدا جه‌خت له‌ پێویستدی ئه‌م هه‌ماهه‌نگیده‌ كراوه‌ته‌وه‌.

لە كۆتاییدا هەرێمی كوردستان جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی وڵات دەكاتەوە، بەشێوەیەك كە دوور بێت لە شرۆڤەكردنی تاكلایەنە و لەبەرچاونەگرتنی یەكێتیی ئارەزوومەندانەی فیدراڵیی عێراق.

پەرلەمانی كوردستان

2022/2/15

Fly Erbil Advertisment