نێچیرڤان بارزانی پێشوازى لە باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا لە عێراق کرد

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا، دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا

K24 - هەولێر:

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/2/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ ماتيوو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى دۆخى سياسيى عێراق، به‌تايبه‌تيش دواى بڕيارى ‏دادگاى باڵاى فيدراڵى ده‌رباره‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا. ‏

له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خوێندنه‌وه‌ى خۆى بۆ چۆنيه‌تيى ده‌رچوونى بڕياره‌كه‌ و ‏هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌رى خسته‌ ڕوو، دووپاتيشى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ى عێراقى پێدا ‏ده‌گوزه‌رێت، وا ده‌خوازێت دادگاى فيدراڵى و هه‌موو لايه‌نه‌ عيراقييه‌كانيش به‌ دواى ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا بگه‌ڕێن. ‏

نێچیرڤان بارزانی روونيكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ پابه‌نديى خۆى بۆ ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور نيشان ‏داوه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ خزمه‌تى سه‌قامگيرى له‌ وڵات ناكه‌ن، بۆيه‌ ‏هه‌موومان ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر و پاراستنى سه‌قامگيرى كار بكه‌ين.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى رابردووى ‏ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، دۆستانى عێراق چاوه‌ڕوانيى پێكهێنانى حكوومه‌ت و سه‌قامگيرى و ‏به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى ديموكراسين له‌ عێراق، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و ‏هه‌ماهه‌نگيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق كرده‌وه‌ به‌تايبه‌تى بۆ ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كه‌ هێشتا له‌ عێراق و سوورياش مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌. ‏

هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تيايدا سه‌رۆك ‏نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ‏په‌يوه‌نداره‌كان كار ده‌كات و له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ په‌يوه‌نديدايه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ‏هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتى خۆيدا ئه‌نجام بدرێن. ‏

هه‌ردوولا دۆخى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى و پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌يان و پشتگيريى ‏ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆستيان خسته‌ به‌ر باس و هاوڕا بوون كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ‏باشانه‌ى له‌مباره‌يه‌وه‌ نراون، پرۆسه‌كه‌ هێشتا كارى زياترى ده‌وێت و له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌رده‌واميى ‏ئه‌مه‌ريكا و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان پێويسته‌.‏

كه‌رتى ئابوورى و گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ هاندانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى ‏بيانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، گرنگی سه‌ربه‌خۆييى دادگاكان له‌ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ ماتيوو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا و شاندێكى ياوه‌رى كرد
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ ماتيوو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا و شاندێكى ياوه‌رى كرد