کێشەکانی خەڵکی مەخموور لە 16 خاڵدا دەخرێنەڕوو

داواکارییەکان ئاراستەی پارێزگای هەولێر و نەینەوا کراوە

دیمەنێکی مەخموور - ئەرشیف
دیمەنێکی مەخموور - ئەرشیف

K24 - هەولێر

پەرلەمانی كوردستان پێشنیاز و راسپاردەی لەبارەی دۆخی مەخموور  دەداتە ھەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق، جێگری پارێزگاری  نەینەواش داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكات و پارێزگاری ھەولێرش دەڵێ: چەند پڕۆژەیەك لە سنووری مەخموور جێبەجێ دەكرێت، ساڵی داھاتووش چەند بەشێكی زانكۆ لە مەخموور دەكەینەوە.

پارێزگاری ھەولێر و جێگری پارێزگاری نەینەوا رۆژی چوارشەممە 16/2/2022، چوونە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان گفتوگۆیان لەسەر راپۆرتێكی 16 خاڵی کرد، كە لیژنەكەی پەرلەمان لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا لە شارۆچکەی مەخموور ئامادەیان كردووە، دەیدەنە ھەردوو حكومەتی خۆجێی ھەولێر و نەینەوا، لە راپۆرتەكەدا پێشنیازیان لەبارەی چۆنێتی چارەسەری كێشەی جووتیاران و كەرتی تەندروستیی و خزمەتگوزاری و دۆخی ئەمنی و پرۆسەی خوێندن و كێشەی بازگەكانە.

جوان یونس، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ی گوت: "راپۆرتەکە 16 خاڵ لە خۆ دەگرێت، ئەو بابەتانەی تایبەتن بە ئیدارەی هەولێر ئاراستەی پارێزگاری هەولێر کراوە، بابەتەکانی پەیوەندیداریشن بە پارێزگای نەینەوا دراوەتە جێگری پارێزگای نەینەوا".

ئاماژەی بەوەشدا: "داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی مەخموور بریتن لە کێشەی ساغکردنەوەی گەنمی جووتیاران، هەروەها دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە، کێشەی رێگاوبان، یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە خەڵکی مەخموور لەسەر ناسنامەکەیان نووسراوە هەولێر، لە بازگەکان رێگریان لێدەکرێت، هەروەها لە بازگەکان جووتیار و بازرگان لێک جیا ناکرێنەوە".

دۆخی ئەمنی مەخموور بەشێكی گرنگی گفتوگۆكان بوو لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان پەرلەمانی کوردستان، كە بەھۆی میلیشیا و چەكدارانی داعش و كەمتەرخەمی حكومەتی عێراق، رۆژ دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، جێگری پارێزگاری نەینەواش داوای گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات و دەڵێ: دەبێت بە ھەماھەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەو ناوچەیە و دانیشتووانەکەی بپارێزن.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە پێش ساڵی 2012 لیژنەیەک هەبووە لە حکومەتی عێراق هەر هاووڵاتییەک زەوییەکی لێ داگیر کراوە بۆی خاوەنداری بۆ بگەڕێندرێتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆر لە هاووڵاتییان سەردانی ئەو لیژنەیان نەکردووە، داوامان لە لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان کرد بە هاوکاری لەگەڵ پەرلەمانی عێراق ئەو لیژنەیە کارا بکەنەوە، بۆ ئەوەی ماف بۆ هاووڵاتییانی کورد بگەڕێتەوە".

حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پلانی پڕۆژەكانیدا، بەشێکی پڕۆژەکانی ئەمساڵی بۆ سنووری مەخموور تەرخان کردووە، بڕیاریشە بۆ ساڵی داھاتوو زانكۆی پۆلەتەكنیكی ھەولێر ھەردوو بەشی كشتوكاڵ و نەوت لە  كەندێناوە و زانكۆی سەڵاحەدینیش ھەردوو بەشی كوردی و عەرەبی بگەڕێنێتەوە كەندێناوە. هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕی كەلوپەل و پێداویستی رۆژانەش كار دەكرێت بۆ چارەسەری ریشەییانەی كێشەی خەڵكی مەخموور، کە زۆرجار لە بازگەکانی  عێراق رێگریان لێ دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment