نێچیرڤان بارزانی ره‌وشی عێراق له‌گه‌ڵ باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا تاووتوێ ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لە ماریزیۆ گریگانتێ باڵیۆزی نوێی ئیتالیا له‌ عیراق کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماریزیۆ گریگانتێ باڵیۆزی نوێی ئیتالیا له‌ عیراق کرد
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماریزیۆ گریگانتێ باڵیۆزی نوێی ئیتالیا له‌ عیراق کرد

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/2/2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماریزیۆ گریگانتێ باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا له‌ عیراق کرد.

لە دیدارێكدا گریگانتێ خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەكاربوونی لە عیراق دەربڕی و پوختەیەكی لە كار و پرۆگرامەكانی داهاتووی پێشكەش كرد، هەروەها جه‌ختی له‌ په‌ره‌پێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان کرده‌وه‌.

دوایین پێشهاته‌کانی شه‌ڕی دژی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانی داعش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوو. تیایدا به‌ڕێز باڵیۆزی ئیتالیا ڕۆڵی پێشمەرگەی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێکشکاندنی داعش، بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی بەڕێز گريگانتێ، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و پشتگیریی خۆی بۆ پرۆگرامەكانی نیشان دا، هه‌روه‌ها خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیتاڵیا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا، دووپات کرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها تیشكی خستە سەر دۆخی ئەمنی و سیاسیی عیراق و لەمبارەیەوە جه‌ختی له‌ گرنگیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگەی لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی تیرۆر کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی هه‌رێمی کوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور نیشان دا.

نێچیرڤان بارزانی ره‌وشی عێراق له‌گه‌ڵ باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا تاووتوێ ده‌كات