كۆبوونهوهیهكی سێ قۆڵی لهبارهی قهیرانی ئۆكرانیا بهڕێوهدهچێت
پوتنیش رهزامهندیی لهسهر داوه
K24- ههولێر:
روسیا سەربازەکانی لە بێلاروسیا دەکشێنێتەوە و 21ی مانگیش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و ئەوروپا بەرێوەدەچێ و سهرۆكی رووسیاش رهزامهندیی لهسهر داوه.
ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەرەنسا رایگەیاند: ئیمانوێل ماکرۆن قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کردووە و بەڵێنیداوە سەربازەکانی لە بێلاورسیا بکشێنێتەوە.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوان ئیمانوێل ماكرۆن، سهرۆكی فهرهنسا و ڤلادیمێر پوتن، هاوتا رووسییهكهی، لە راگەێندراوێکدا ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەرەنسا رایگەیاند: پەیوەندییە تەلەفۆنیەکە 105 خولەکی خایاندووە و لهسهر ئهوه رێککەوتوون، رۆژی دووشەممە 21ی مانگ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان ئۆکرانیا، روسیا و رێکخراوی هەماهەنگی و ئاسایشی ئەوروپا بەرێوەبچێت.
بهگوێرهی راگهیهندراوهكهی، پوتن بەڵێنی بە سەرۆکی فەرەنسا داوە، دوای کۆتایهاتنی مانۆرە سەربازییەکەیان، سەربازەکانی رووسیا بێلارووس جێدەهێڵن و دەگەرێنەوە رووسیا.
ئەمەش پێچەوانەی راگەێندراوی حکومەتی بێلارووسه، کە جهخت دهكاتهوه، سەربازە رووسیەکان لە بێلارووس دەمێننەوە.
ههر لهو بارهیهوه، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمهریکا رایگەیاند، پێموانیە کۆکردنەوەی هێزی رووسیا بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندن و نمایشی سەربازی بێت.
وەزیری بەرگری ئەمهریکا کە ئێستا لە پۆڵەندایە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەی بی سی" رایگەیاند، ئەو هێزەی رووسیا کۆیکردووەتەوە، بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیایە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا ئەو هێزانە بۆ نمایشی سەربازی و هەڵخەڵەتاندنه؟ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمهریکا گوتی: پێموانیە ئەو هێزانە بۆ هەڵخەڵتاندن و نمایشی سەربازی کۆکرابنەوە، بهڵكو ئامانج لێیان هێرشێکی سەربازی فراوانە.
ئاماژەی بهوهشدا، پوتن دەتوانێت بە فەرمانێك ئۆکرانیا داگیر بکات. ئەگەر ئەوەش رووبدات تراژیدیاییەك روودەدات، کە قەیرانێکی مرۆیی زۆر گەورە ناوچەکە دەگرێتەوە و خەڵکێکی زۆر ئاوارە دەبن. ئەمەش دۆخێکی زۆر زۆر مەترسیدار دەخوڵقێنێت.
لای خۆشیهوه ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە روودانی شەڕ، سەرۆکی ئەمهریکا ئامادەیە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.
بلینکن گوتی: لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە روودانی شەڕ و داگیرکردنی ئۆکرانیا، سەرۆك بایدن بەڕوونی رایگەیاندووە، ئهو ئامادەیە هەرکات و بە هەرشێوازێك بێت لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.
بلینکن ئاماژەی بهوه كرد، کۆکردنەوەی هێز لە بێلارووس و ئامادەکارییەكان ئاماژەن بۆ پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەموو دەرفەتە دیپلۆماسییەکان دەقۆزینەوە، بزاننن دەتوانن سەرۆکی رووسیا رازی بکەن و لە داگیرکردنی ئۆکرانیا پاشگەزی بکەنەوە؟
لهلایهكی دیكهوه، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی بێلارووس رایگەیاند، رووسیا سەروەری بێلارووسی پێشێلکردووە و مەترسی لەسەر خەڵکی ئهو وڵاته دروستکردووە.
سڤێتلانا تیخانۆڤسکایا، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی بێلارووس، کە ئێستا لە لیتوانیا دەژی، گوتی: رووسیا ژمارەیەکی زۆری سەربازهكانی هێناوەتە بێلارووس و ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکات، ئەم کارەی رووسیا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری بێلارووسه و بووەتە هۆی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵکی وڵاتەکەی و ناوچەکەش بەگشتی.
سڤێتلانا تەمەن 40 ساڵ، له ساڵی 2020 دوای دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی بێلارووس کاندید کرد، بەڵام لەلایەن لۆکاشینکۆ، سەرۆکی ئێستای بێلارووسهوه هەوڵی دەستگیرکردنی درا و ئێستا وڵاتهكهی جێهێشتووە و لە لیتوانیا نیشتەجێیە.
H.B