هاوڕێ مه‌نسوربه‌گ: پێشكه‌وتنی كه‌رتی گاز له هه‌رێمی كوردستان به‌غدای نیگه‌ران كردووه
K24 – هه‌ولێر:
دكتۆر هاوڕێ مه‌نسوربه‌گ، مامۆستای زانكۆ و شاره‌زای نه‌وت و گاز رایگه‌یاند، پێویسته یاسای دادگای فیدراڵی هه‌مواربكرێته‌وه و دادگاكه له بڕیاری سیاسی دووربخرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاری سیاسی ده‌دات له به‌رگی یاسا.
هاوڕێ مه‌نسوربه‌گ له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی "ستراتیژ"ی كوردستان24 گوتی: "له دوای ساڵی 2003ـه‌وه سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی عێراقی، كه‌ساسه‌یه‌تی سیاسی بوون و په‌یوه‌ندییان به پسپۆڕییه‌وه نه‌بووه، بۆیه زۆربه‌ی بڕیاره‌كانیشیان به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان سیاسی بوون و ئێستاش بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی نه‌وت گاز بڕیارێكی سیاسییه".
گوتیشی: "له رووی یاساییه‌وه بڕیاركه‌ی دادگای فیدراڵی له باره‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان زۆر لێكدانه‌وه‌ی بۆ كراوه، به‌تایبه‌تی له شه‌قامی عه‌ره‌بی بڕیاره‌كه ریسواكراوه، هه‌رچه‌نده پێناچێت دادگای فیدراڵییش خۆی بڕوای به بڕیاره‌كه هه‌بێت".
ئه‌و شاره‌زایه‌ی نه‌وت و گاز روونیكرده‌وه، دوای روخانی نازییه‌كان، دادگای نورنبێرگ له ساڵی 1945 درووست بوو، تا ساڵی 1949 سه‌دان دۆسیه‌ی یه‌كلاكرده‌وه و دادگاكه بڕیاری گرنگی دا، به‌ڵام دادگای فیدراڵی عێراق ماوه‌ی 12 ساڵه ناتوانن بڕیار له‌سه‌ر شتێكی گرنگ بده‌ن، سیاسییه‌كان ئاراسته‌یان ده‌كه‌ن.
روونیشكرده‌وه، ساڵیك به‌ر له ئێستا ئه‌مه‌ریكا داوای له كۆمپانیای "قه‌مه‌ر"ی ئیماراتی كردووه، كه راپۆرتێكیان له‌باره‌ی گازی سرووشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێبدات، له راپۆرته‌كه‌ی كۆمپانیای قه‌مه‌ر هاتووه: پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی گازی سرووستی ناوچه‌كه‌یه.
روونیشكرده‌وه، به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی قه‌مه‌ر، هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی یه‌كه‌مدا توانای دابه‌شكردنی گازی بۆ هه‌موو پاوه‌رپلانه‌كان هه‌یه، به تایبه‌تی كه‌رتی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، له قۆناغی دووه‌مدا هه‌رێمی كوردستان توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه گاز بداته عێراق، له قۆناغی سێیه‌مدا گاز ده‌فرۆشێته توركیا، له قۆناغی چواره‌میشدا به‌شێك له گازه‌كه‌ی بۆ ئه‌ورروپا ده‌نێرێت.
هاوڕێ مه‌نسوربه‌گ ئاماژه‌ی به‌وه كرد، دۆخی ئاڵۆزیی نێوان ئۆكرانیا و رووسیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌رتی گاز هه‌یه، پێشبینی ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ریكا رێگه نه‌دات گازی رووسیا هاورده‌ی ئه‌وروپا بكرێت، دوای ئه‌وه‌ش داوا له توركیا ده‌كرێت ده‌ستبه‌رداری گازی سرووشتی رووسیا بێت، ئه‌مه‌ش وا له توركیا و ئه‌وروپا ده‌كات، پێگه‌ی گازی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر چه‌نده وا لێكدراوه‌ته‌وه، كه په‌یوه‌ندی به هاوپه‌یمانێتی شیعه‌كانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام بابه‌ته‌كه هه‌ر ئه‌مه نییه، به‌ڵكو پێگه‌ی گازی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته هۆی له‌قبوونی چه‌ند وڵاتێكی ئیقلیمی، بۆیه هه‌ندێك وڵاتی ئیقلیمی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی هه‌بووه، به تایبه‌ت دوای لێدوانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، كه باسی گازی هه‌رێمی كوردستانی كردبوو.
د. هاوڕێ مه‌نسوربه‌گ ئاشكرایكرد، هه‌رێمی كوردستان له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه وه‌كو پێگه‌یه‌كی گرنگ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار وه‌كو ده‌وڵه‌تێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه، بۆیه ئه‌و مامه‌ڵانه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌غدا و هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ی نیگه‌ران كردووه.
ئاشكراشیكرد، له ساڵی 2018 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به زۆرینه یاسایه‌كی ده‌رچوواند، كه به گوێره‌ی ئه‌و یاسایه كۆمپانیایه‌كی نیشتمانی داده‌مه‌زرێت، هه‌موو كاروباره‌كانی نه‌وت و گاز له‌به‌ر ده‌ستی ئه‌و كۆمپانیایه ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رێمی كوردستانیش له‌ژێر ئه‌و كۆمپانیایه جێی كراوه‌ته‌وه، خۆشبه‌ختانه هه‌ر ئه‌وكات دادگای فیدراڵی ئه‌و یاسایه‌ی ره‌تكرده‌وه.
راشیگه‌یاند، ده‌ركردنی یاسایه‌كی له‌و جۆره، به‌بێ هه‌بوونی یاسای نه‌وت گاز، ته‌نیا بۆ دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان بووه، یاساكه له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی دادگای فیدراڵی مه‌ترسیدارتر بووه.
ئه‌و شاره‌زایه‌ی نه‌وت و گاز باسی له‌وه كرد، له‌دوای راپۆرته‌كه‌ی قه‌مه‌ر، حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا 250 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژه‌كانی داناگاز ته‌رخان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كێشه داراییه‌كانی خۆیدا زاڵ بێت، كه ئه‌مه یه‌كه‌مجاره واشنتن پاره‌یه‌كی وا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ كۆمپانیایه‌كی وزه خه‌رج بكات، به‌غدا له‌وه‌ش نیگه‌رانه.
باسی له‌وه‌ش كرد، پڕۆسه‌ی لووله‌كێشی گازی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر سنووره‌كانی توركیا نزیك بووه‌ته‌وه، كه كۆمپانیایه‌كی كوردی خاوه‌نداریه‌تی ده‌كات، چه‌ند كیلۆمه‌ترێك ماوه ئه‌و لووله گازییه بگاته توركیا، له‌وبه‌ر سنووریش هه‌موو ژێرخانێكی ته‌كنیكی ئاماده‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گازی كوردستان بگاته هه‌موو شوێنێك، ئه‌مه چه‌ند وڵاتێكی نیگه‌ران كردووه.
سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ توركیا و سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ قه‌ته‌ر و ئیمارات، هۆكارێكی دیكه‌ی نیگه‌رانبوونی به‌غدایه له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی كه‌رتی گاز له هه‌رێمی كوردستان، بۆیه دادگای فیدراڵی بڕیارێكی سیاسی له به‌رگێكی یاسایی ده‌ركرد.
د. هاوڕێ مه‌نسوربه‌گ جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، پێویسته هه‌رێمی كوردستان پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه بكات، یاسای دادگای فیدراڵی هه‌مواربكرێته‌وه و دادگاكه له بڕیاری سیاسی دووربخرێته‌وه، له‌كاتێكدا دادگای فیدراڵی ئه‌ركی ئه‌وه‌یه بڕگه‌كانی ده‌ستوور لێكبداته‌وه، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا دادگای فیدراڵی كار له‌سه‌ر هه‌ندێك بڕگه‌ی ده‌ستووری ده‌كات، كه بۆ خه‌ڵكی ئاسایی زۆر روونه و به عه‌ره‌بییه‌كی پاراو نووسراوه.