له‌نجه دزه‌یی: هه‌موو لیژنه‌كانی په‌رله‌مان 11 ئه‌ندامن ته‌نیا لیژنه‌ی مافی ئافره‌ت 7 ئه‌ندامه
كوردستان24 رووماڵێكی وردی بۆ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی كوشتن كرد، كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه دژی ژنان ئه‌نجامدراون

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكی له مافه‌كانی ئافره‌ت، له‌نجه دزه‌یی رایگه‌یاند، پێویسته پیاوانیش بێنه ریزی ئافره‌تانه‌وه بۆ داكۆكیكردن له مافه‌كانی ئافره‌ت و به‌داخه‌وه له په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نیا یه‌ك پیاو، كه ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتییه ئاماده‌بووه ببێته ئه‌ندام له لیژنه‌ی داكۆكی له مافه‌كانی ئافره‌ت و هه‌موو لیژنه‌كان له 11 ئه‌ندام پێكهاتوون، كه‌چی لیژنه‌ی ئافره‌تان ته‌نیا 7 ئه‌ندامی هه‌یه.
ئه‌م قسانه‌ی له‌نجه دزه‌یی له میانی گفتوگۆیه‌ك هات، كه له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" ئه‌نجامدرا و تێیدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره باسی له هه‌ڵكشانی حاڵه‌ته‌كانی كوشتنی ژنان كرد و جه‌ختیكرده‌وه، پێویسته یاسا سه‌روه‌ر بێت و سزای ژن كوژان به گوێره‌ی مادده‌ی (406) له یاسای سزادانی عێراقی ژماره (111)ی ساڵی 1969 بدرێت.
روونیشیكرده‌وه، له‌و مادده یاساییه‌دا، سزای ئه‌وانه‌ی پلانی پێشوه‌خته و جه‌سووریان هه‌یه بۆ تاوانی كوشتن و جه‌سته‌ی تاوانلێكراو ده‌شێوێنن تا له‌سێداره‌دان ده‌ڕوات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له هه‌رێمی كوردستان یاسای ژماره (4)ـی لێبوردنی گشتیی (2017) هه‌یه و تێیدا له مادده‌ی نۆیه‌مدا روونكراوه‌ته‌وه، كه یاساكه ئه‌و كه‌سانه ناگرێته‌وه به تاوانی ژن كوشتن حوكم دراون.
هاتنه به‌ر باسی ئه‌م پرسه دوای ئه‌وه دێت كوردستان24 رووماڵێكی وردی بۆ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی كوشتن كرد، كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه دژی ژنان ئه‌نجامدراون و هاوكات شنیار ئه‌نوه‌ر، ئه‌و ژنه‌ی به‌ر له چه‌ند رۆژێك له لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌ی له سلێمانی سووتێندرابوو، ئه‌مڕۆ گیانی له‌ده‌ستدا.
گیانله‌ده‌ستدانی شنیار ئه‌نوه‌ر، بووه‌ته هۆی نیگه‌رانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌و هۆیه‌وه په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه.

له په‌یامه‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "زۆر نیگەران و خه‌مبارم به ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه هیچ شه‌ڕەفێک له ژن كوشتندا نییه".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، "تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێ‌تاوان لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانه".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه له مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە".
دوای په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لیژنه‌ی داكۆكی له مافی ئافره‌تانی په‌رله‌مانی كوردستانیش راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له‌نجه دزه‌یی باسی له بایه‌خی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت كرد و گوتیشی: "ئێمه كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری له باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه گفتوگۆ بكه‌ین".
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشییه، ئه‌و پێشكه‌وتنه به‌رچاوه‌یه، كه ئافره‌تانی كوردستان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌ده‌ستیان هێناوه و هه‌ڵكشانی توندوتیژییه‌كانیش پێویستی به توێژینه‌وه و به‌دواداچوونی ورده".
له به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكه‌یدا، له‌نجه دزه‌یی به پێویستیی زانیی له هه‌رێمی كوردستاندا پیاوانیش بێنه پاڵ ئافره‌تان و به‌یه‌كه‌وه رووبه‌ڕووی توندوتیژییه‌كانی دژ به ئافره‌ت ببنه‌وه.
ئه‌و گوتی: "من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام پیاوانیش خه‌بات بۆ ئه‌و پرسه بكه‌ن".

له‌نجه دزه‌یی ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه، كه له په‌رله‌مانی كوردستاندا، هه‌موو لیژنه په‌رله‌مانییه‌كان له 11 ئه‌ندام پێكهاتوون، به‌ڵام جێی سه‌رنجی بوو، ته‌نیا یه‌ك پیاو له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی ئاسایی بووه ببێته ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌یان و گوتی: "ته‌نیا لیژنه‌ی داكۆكی له مافی ئافره‌تان له 7 ئه‌ندام پێكهاتووه، كه یه‌كێكیان پیاوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لیژنه حه‌وت كه‌سییه‌كه‌یان، كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له قۆناغی داهاتوودا به هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌دا بچنه‌وه، كه وه‌ك خۆی گوتی "نه‌فه‌سی جیاكاری ره‌گه‌زییان تێدایه".
پانۆرامای كوشتنی ژنان له شوباتی ئه‌مساڵدا
مانگی (شوبات/ فێبرایه‌ر)ی ئه‌مساڵ مانگێكی خوێناوی بوو بۆ ژنانی كورد له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌مه له كاتێكدایه ساڵانه له سه‌ره‌تای مانگی ئازار/ مارسدا به بۆنه‌ی هه‌شتی مارسه‌وه ده‌یان چالاكی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێن.
رۆژی (4ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، ژنێك به ناوی "ن.ع.ع" له گه‌ڕه‌كی نازنازی شاری هه‌ولێر، له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به ده‌ست خنكێندرا. به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24 ئه‌و ژنه دوو گیان بووه. دوای 18 رۆژ له تاوانه‌كه رۆژی (22ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له لایه‌ن ئاسایشه‌وه ده‌ستگیر كرا.
* رۆژی (9ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له شه‌قامی "ئازادی" شارۆچكه‌ی "كۆیه"، ژنێك به ناوی "سه‌روین خورشید ره‌شید" درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله و زیانر له (10) فیشه‌كی پێوه‌نرا و دوای گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر، هیچ كه‌سێك له كه‌سوكاری ئاماده نه‌بوونه خۆیان لێی به خاوه‌ن بكه‌ن و ته‌رمه‌كه‌ی وه‌ربگرنه‌وه و بكوژه‌كه‌ش تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه ده‌ستگیر نه‌كراوه و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌و باره‌یه‌وه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
* رۆژی (11ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) له سه‌نگه‌سه‌ر كچێكی فێرخوازی قۆناغی ئاماده‌یی ته‌رمه‌كه‌ی له ماڵه‌كه‌یاندا دۆزرایه‌وه و كه‌سوكاری رایانگه‌یاند، رووداوه‌كه خۆكوژی بووه.
* رۆژی یه‌كشه‌ممه (13ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له شارۆچكه‌ی "زاخۆ" برایه‌ك، خوشكه ته‌مه‌ن (35 ساڵ)ییه‌كه‌ی به ناوی "عه‌یدێ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د" به ده‌مانچه كوشت و دواتر خۆی راده‌ستی پۆلیس كرد. "عه‌یدێ" پێشتر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ براكه‌یدا هه‌بووبوو، كه‌سوكاریان ئاگاداری كێشه‌كه‌یان بوون.
* رۆژی دووشه‌ممه (14ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، ده‌ستڕێژی گولـله له "په‌رژین نه‌سره‌دین مسته‌فا" داپیری كچه فێرخوازه‌كه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر كرا و كوژرا .
* رۆژی (15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، پۆلیسی هه‌ولێر هه‌واڵی كوژرانی ژنێكی به‌ساڵاچووی به ده‌ستی كوڕێكی بڵاوكرده‌وه.
پۆلیس رایگه‌یاند، ژنێك به ناوی "هه‌مین عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ئه‌مین" (70ساڵ)، له لایه‌ن كوڕێكییه‌وه كه "باری ده‌روونی ناجێگیره" و ته‌مه‌نی (36 ساڵ)ــه به چه‌كی سارد كوژراوه.
* رۆژی (16ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له گه‌ڕه‌كی كوردساتی شاری سلێمانی "مریم یه‌عقوب یوسف" (40 ساڵ)، له كاتی كڕینی پێداویستی بۆ ماڵه‌وه، له لایه‌ن هاوسه‌ره هاوته‌مه‌نه‌كه‌یه‌وه به چه‌كی كڵاشینكۆف، كوژرا و دواتر هاوسه‌ره‌كه‌یشی خۆی كوشت.
سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی تایبه‌ت بۆ "كوردستان24" رایگه‌یاند، ئه‌و مامۆستایه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كێشه‌ی خێزانی هه‌بووه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی.
گوتیشی: به‌و هۆیه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵی باوكی و لای هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌جێهێشتووه و داوای جیابوونه‌وه‌ی كردووه، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی سووربووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لێی جیا نه‌بێته‌وه.
* رۆژی (20ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، كه‌سێك به ناوی "هـ.ر.ح" له‌دایكبووی (1997) هاوسه‌ری خۆی به ناوی "شنیار هونه‌ر" سووتاندووه و دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه گرته‌ی ڤیدیۆیی ئه‌و ژنه بڵاوكرایه‌وه، كه تێیدا وتی "هاوسه‌ره‌كه‌م نه‌وتی پێدا رشتم و ئاگری تێبه‌ردام". پۆلیسی سلێمانی توانی ئه‌و تۆمه‌تباره ده‌ستگیر بكات، له كاتێكدا هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه‌ی له سنوور و راكردنی بۆ ئێران ده‌دا.
ئه‌مڕۆ (23ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، شه‌نیار به هۆی كاریگه‌ری سووتانی جه‌سته‌یه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا و له سه‌ید سادق به ئاماده‌بوونی ده‌یان كه‌س، نوێژی له‌سه‌ركرا و ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كرا.