ماریا قوربانییه‌كی دیكه‌ی شه‌ره‌ف
مامی ماریا ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه و له ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه

K24 – هه‌ولێر:
ئیمان سامی مه‌غدید، دانیشتووی هه‌ولێر و چالاكی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان شه‌وی رابردوو به فیشه‌كی ده‌مانچه له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌د مه‌تری و نزیك له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كوژرا و كوژرانی ئه‌و ژنه ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه‌ی زنجیره‌یه‌ك تاوانی توندوتیژی دژی ژنان و ژن كوشتنه، كه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌وه.
ئیمان، كه ناوی خۆی گۆڕیبوو بۆ "ماریا"، له ته‌مه‌نێكی منداڵه‌وه، هاوسه‌رگیری پێكرابوو، ئه‌و به هۆی ناكۆكی خێزانی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له 2021 جیابوه‌ته‌وه و ته‌نیا ژیاوه.

به گوێره‌ی زانیاری كوردستان24، خێزانه‌كه‌ی ماریا، په‌رته‌وازه بوونه و باوك و دایكی جیابوونه‌ته‌وه و ماریا نه‌یتوانیوه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئامێزی خێزانه‌كه‌ی و برایه‌كی ناكۆك بووه له‌گه‌ڵی.
له ماوه‌ی رابردوودا، ماریا له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، به تایبه‌تی تیك تۆك و ئینستاگرام و فه‌یسبووك به كۆمێنت و وێنه‌كانی و لایڤه‌كانی به ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌ركه‌وت و هه‌زاران وه‌رگری له ده‌ور كۆبوونه‌وه.

ماریا له قسه‌كانیدا، هێرشی ده‌كرده سه‌ر چه‌پاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و داوای كراوه‌یی و بوێری له هاوڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌كرد و ده‌یوت: جیاوازی من له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه، ئه‌وه‌یه، هه‌ر شتێك بڕوام پێی هه‌بێت نایشارمه‌وه و به شانازییه‌وه باسی ده‌كه‌م.
هه‌ندێك له هاوڕێ نزیكه‌كانی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ماریا نزیك بووه له‌و كۆمه‌ڵه كه‌سانه‌ی ناویان له خۆیان ناوه "خێزانی په‌لكه‌زێڕێنه" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌بوونی مه‌یلی هاوره‌گه‌زی یه‌كدی.
پۆلیسی هه‌ولێر له راگه‌یه‌ندراوێكدا، وێڕای ئاماژه‌كردن به هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی ماریا له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌د مه‌تری هه‌ولێر به‌ڵێنی دابوو، به‌دواداچوونی ورد بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكه‌ری تاوانه‌كه.

له نوێترین پێشهاتدا، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر، هۆگر عه‌زیز، رایگه‌یاند، مامی ماریا ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه و له ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه.
به گوێره‌ی زانیارییه به‌راییه‌كان، ماریا له‌لایه‌ن برایه‌كییه‌وه كوژراوه و بكوژه‌كه له‌دایكبووی (2004)ـه و تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه و پۆلیس به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت.
كوژرانی ماریا له كاتێكدایه سبه‌ی هه‌شتی مارس، له هه‌رێمی كوردستان و جیهاندا ژنان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی ره‌گه‌زیی له دژیان چالاكی جۆراوجۆر ده‌كه‌ن و له پایته‌خته گه‌وره‌كانی وڵاتانی جیهان ملیۆنان ژن به چالاكی خۆپیشاندان داوای مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و یه‌كسانی له كرێی كار و مافه كۆمه‌ڵایه‌تیی و ره‌گه‌زییه‌كان ده‌كه‌ن.
تاوانه‌كانی كوشتنی ژنان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و به پاساوی جۆراوجۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری له مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ریشه‌یه‌كی دێرینیان هه‌یه و ئاستی توندوتیژییه‌كانی دژی ژن به گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و رۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌كان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.

هه‌رێمی كوردستان له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێك له تاوانی كوشتن و سووتاندن و "خۆكوشتن"ی ژنان بووه‌ته‌وه، كه سه‌رجه‌میان له خاڵێكدا یه‌كده‌گرنه‌وه، ئه‌ویش بوونی پاساوێكی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی باوه بۆ تاوانه‌كان و بیانووه‌كه پاراستنی شه‌ره‌ف و كڕینه‌وه‌ی ئابڕووه.
كه‌سوكاری ماریا، ئه‌مڕۆ ته‌رمی ماریایان له پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر وه‌رگرتووه‌ته‌وه و به خاكیان سپاردووه.
به گوێره‌ی به‌دواداچوونی كوردستان24 بۆ تاوانه‌كانی كوشتن، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه زیاتر له 10 ژن به ده‌ستی كه‌سوكاریان كوژراون، یان سووتێنراون و ژماره‌یه‌كیشیان ده‌وترێت "خۆیان كوشتووه".

مه‌رگی شنیار ئه‌نوه‌ر، ئه‌و ژنه‌ی له لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه له سلێمانی سووتێنرابوو، دیارترین ئه‌و تاوانانه بوو، له مانگی رابردوودا ده‌رهه‌ق به ژنان كرابوو، تاوانه‌كه، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی نیگه‌ران و خه‌مبار كرد و له په‌یامێكدا، كه رۆژی (23ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) بڵاویكرده‌وه، رایگه‌یاند، "زۆر نیگەران و خه‌مبارم به ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه هیچ شه‌ڕەفێک له ژن كوشتندا نییه".
سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتیشی: لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر رووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمه‌ندانی پۆلیسم کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباره‌كه و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە".

له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتبوو: "من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه له مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە".
به گوێره‌ی به‌دواداچوونی كوردستان24، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه زیاتر له 10 ژن له هه‌رێمی كوردستان كوژراون، یاخود خۆیان كوشتووه و سووتاون یان سووتێنراون.
پانۆرامای حاڵه‌ته‌كانی ژن كوشتن له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه
مانگی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022
1- رۆژى (2ى کانوونی دووەم/ یەنایرى 2022)، ژنێکى 15 ساڵ بە ناوی (ب.و.ع) لە گەڕەکی ئاوارەکانى قەزای کەلار بە هۆى بەرکەوتنی فیشەکی دەمانچەی باوکی بەسەختی بریندار بوو، لە رێگەى گواستنەوەى بۆ سلێمانى گیانى لەدەستدا. کەسوکارەکەی بە پۆلیسیان وت رووداوەکە خۆکوژى بووە.
2- رۆژى (3ى کانوونی دووەم/ یەنایرى 2022)، لە گوندی پردەشاڵى ناحیەى وەرتێی سەر بە قەزای رەواندز، ژنێک کە دایکی سێ منداڵ بوو بە دەستى هاوسەرەکەى کوژرا و دوو رۆژ دواتر واتە رۆژى (5ى کانوونی دووەم/ یەنایرى 2022) بکوژەکە خۆى رادەستی بنکەى پۆلیسى وەرتێ کرد. وەک ئەوەى پۆلیسى سۆران رایگه‌یاندووه.

3- رۆژی (31ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022)، گه‌نجێك له دهۆك به هۆی گۆڕینی ره‌گه‌زییه‌وه، له لایه‌ن برایه‌كییه‌وه كوژرا و بكوژه‌كه توانی سنووره‌كان ده‌رباز بكات و روو له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكات.
مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022
4- رۆژی (9ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له شه‌قامی "ئازادی" شارۆچكه‌ی "كۆیه"، ژنێك به ناوی "سه‌روین خورشید ره‌شید" درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله و زیانر له (10) فیشه‌كی پێوه‌نرا و دوای گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر، هیچ كه‌سێك له كه‌سوكاری ئاماده نه‌بوونه خۆیان لێی به خاوه‌ن بكه‌ن و ته‌رمه‌كه‌ی وه‌ربگرنه‌وه و بكوژه‌كه‌ش تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه ده‌ستگیر نه‌كراوه و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌و باره‌یه‌وه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
5- رۆژی (11ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) له سه‌نگه‌سه‌ر كچێكی فێرخوازی قۆناغی ئاماده‌یی ته‌رمه‌كه‌ی له ماڵه‌كه‌یاندا دۆزرایه‌وه و كه‌سوكاری رایانگه‌یاند، رووداوه‌كه خۆكوژی بووه.
6- رۆژی یه‌كشه‌ممه (13ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له شارۆچكه‌ی "زاخۆ" برایه‌ك، خوشكه ته‌مه‌ن (35 ساڵ)ییه‌كه‌ی به ناوی "عه‌یدێ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د" به ده‌مانچه كوشت و دواتر خۆی راده‌ستی پۆلیس كرد. "عه‌یدێ" پێشتر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ براكه‌یدا هه‌بووبوو، كه‌سوكاریان ئاگاداری كێشه‌كه‌یان بوون.
7- هه‌ر په‌یوه‌ست به رووداوی گیانله‌ده‌ستدانی كچه‌كه‌ی سه‌نگه‌سه‌ره‌وه، رۆژی دووشه‌ممه (14ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، ده‌ستڕێژی گولـله له "په‌رژین نه‌سره‌دین مسته‌فا" داپیری كچه فێرخوازه‌كه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر كرا و كوژرا.

8- رۆژی (15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، پۆلیسی هه‌ولێر هه‌واڵی كوژرانی ژنێكی به‌ساڵاچووی به ده‌ستی كوڕێكی بڵاوكرده‌وه. پۆلیس رایگه‌یاند، ژنێك به ناوی "هه‌مین عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ئه‌مین" (70ساڵ)، له لایه‌ن كوڕێكییه‌وه كه "باری ده‌روونی ناجێگیره" و ته‌مه‌نی (36 ساڵ)ــه به چه‌كی سارد كوژراوه.
9- رۆژی (16ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له گه‌ڕه‌كی كوردساتی شاری سلێمانی "مریم یه‌عقوب یوسف" (40 ساڵ)، له كاتی كڕینی پێداویستی بۆ ماڵه‌وه، له لایه‌ن هاوسه‌ره هاوته‌مه‌نه‌كه‌یه‌وه به چه‌كی كڵاشینكۆف، كوژرا و دواتر هاوسه‌ره‌كه‌یشی خۆی كوشت.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی تایبه‌ت بۆ "كوردستان24" رایگه‌یاند، ئه‌و مامۆستایه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كێشه‌ی خێزانی هه‌بووه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی.
گوتیشی: به‌و هۆیه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵی باوكی و لای هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌جێهێشتووه و داوای جیابوونه‌وه‌ی كردووه، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی سووربووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لێی جیا نه‌بێته‌وه.
10- رۆژی (20ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، كه‌سێك به ناوی "هـ.ر.ح" له‌دایكبووی (1997) هاوسه‌ری خۆی به ناوی "شنیار هونه‌ر" سووتاندووه و دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه گرته‌ی ڤیدیۆیی ئه‌و ژنه بڵاوكرایه‌وه، كه تێیدا وتی "هاوسه‌ره‌كه‌م نه‌وتی پێدا رشتم و ئاگری تێبه‌ردام". پۆلیسی سلێمانی توانی ئه‌و تۆمه‌تباره ده‌ستگیر بكات، له كاتێكدا هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه‌ی له سنوور و راكردنی بۆ ئێران ده‌دا.
