سەرۆک بارزانی و مستەفا کازمی کۆبوونەوە

سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیرانی عێراق دۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و مستەفا کازمی
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و مستەفا کازمی

K24 – هەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، ئه‌مڕۆ دووشەممە (14ی ئادار/ مارسی 2022) لە سەلاحەدین پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد، کە پێکھاتبوون لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جومعە عیناد، وەزیری بەرگری و عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی و سیاسی حکومەتی عێراقی فیدراڵ.

لە دیدارەکەدا، کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم ئامادەیی بوون، سەرۆك وەزیرانی عێراق ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و شاری ھەولێر بە سەرۆك بارزانی گەیاند، بۆ ئەو ھێرشە مووشەکییەی کە کرایە سەر شاری ھەولێر و بە کارێکی تێکدەرانە و دەستدرێژی بۆ سەر تەواوی عێراق وەسف کرد.

ھەروەھا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لیژنەیەکی تایبەت بۆ دەرخستنی راستییەکانی ئەو رووداوە و رەواندنەوەی چەواشەکاریەکان پێکھێنراوە.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی ھۆکار و دەرھاوێشتەکانی پەلاماری مووشەکی سەر ھەولێر ئاڵوگۆر کرد و جەخت لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی ھەردوولا بۆ پاراستنی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ کرایەوە.

پڕۆسەی سیاسی عێراق و تەحەددیات و دەرفەتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تەوەرێکی دیكه‌ی ئەو دیدارەبوون.

مستەفا کازمی، سەردانی ئەو ناوچە نیشتەجێبووانەی هەولێر دەکات، کە بەرەبەیانی 13ی ئەم مانگە کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی بالیستی.

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و مستەفا کازمی
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و مستەفا کازمی
کاتی پێشوازی کردنی سەرۆک بارزانی لە مستەفا کازمی
کاتی پێشوازی کردنی سەرۆک بارزانی لە مستەفا کازمی