ئۆکرانیا: رووسیا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ناتۆی به ئامانج گرتووه
ئۆکرانیا هێرشه‌كه‌ی رووسیا بۆ سه‌ر لڤیڤ به ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناتۆ ده‌زانێت
K24 - هەولێر:
ئۆکرانیا كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و هێرشه‌ی رووسیا نیشاندا كه دوێنێ 14ـی ئادار كردییه سه‌ر ناوه‌ندی ئاسایش و پاراستنی ئاشتیی نێوده‌وڵه‌تیی له شاری لڤیڤ و به‌هۆیه‌وه 35 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 134 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
له كۆنگره رۆژنامهوانییهکەدا كه له ناوه‌ندی شاری لڤیڤ به‌ڕێوه‌چوو، جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی ئۆکرانیا كه هاوكات وه‌زیری سه‌رله‌نوێ لكاندنه‌وه‌ی خاكه داگیركراوه‌كانی ئۆکرانیایه، ئیرینا ڤێرێشچوك، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی سه‌ربازیی لڤیڤ، ماكسیم كۆزیتسكی و سه‌رۆكی شاره‌وانی لڤیڤ، ئاندری سۆدۆڤی به‌شدارییان كرد.
جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی ئۆکرانیا، ئیرینا ڤێرێشچوك باسی له‌وه‌كرد ئه‌و ناوه‌نده‌ی كه هێرشی كراوه‌ته سه‌ر میوانداریی ژماره‌یه‌كی زۆر له راهێنه‌ری سه‌ربازیی بیانیی له ژن و پیاو ده‌كات جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه رووسیا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ناتۆی به ئامانج گرتووه.
ئیرینا ڤێرێشچوك رایگه‌یاند: "ئه‌وه ده‌زانین كه دوێنێ رووسیا ئاماژه‌یه‌كی زۆر تایبه‌تی دایه هاوبه‌شه‌كانمان و جیهانی ئازاد، و به بڕوای من به‌شێوه‌یه‌كی زۆر روون پێویستمان به‌م په‌یامه‌یه. رووسیا په‌یامی ئه‌وه ده‌دات كه له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م هه‌ساره‌یه هیچ كه‌س هه‌ست به پارێزراویی نه‌كات".
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی سه‌ربازیی لڤیڤ، ماكسیم كۆزیتسكی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه وێستگه‌كه وه‌ك ناوه‌ندی ئاسایش و پاراستنی ئاشتیی نێوده‌وڵه‌تیی خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌ش كردووه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له ساڵی 2014ـه‌وه راهێنه‌ره بیانییه‌كان له كه‌مپه‌كه كاریان كردووه و بوونیان له‌وێ به‌هۆی جه‌نگه‌وه نه‌بووه.
سەرچاوە: AA
H.H