چالاکوانە دیارەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەکەن
"ئەگەر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنرێت؛ ئەوە داوایەکی سەرەکی ئێمە جێبەجێکراوە"
K24- ههولێر:
بەشێک لە چالاکوانە دیارەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین پاڵپشتی لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەکەن، کە لەلایەن (هاوپەیمانی رزگاریی نیشتیمان)ـەوە پێشنیاز کراوە، یەکێک لە چالاکوانانی خۆپێشاندانەکە رایگهیاند، ئەگەر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنرێت؛ ئەوە داوایەکی سەرەکی ئێمە جێبەجێکراوە، کە بەردەوام داوامان دەکرد.
بەتەنیشت پەیکەری موتەنەبی لەبەغدا، "د. عەلا"، کە چالاکوانێکی دیاری شارەکەیە، پڕ بە گەرووی هاواری دەکرد و داوای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی دەکرد. هەر ئەوەش نا، داوای لە خەڵکی دەکرد، کە ئەم هەلەی هاتووهتە پێش لەدەست نەدرێت و پاڵپشتی لە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بکرێت.
د.عەلا حەسوونی، چالاکوان، گوتی: "کێشەکە لە سیاسییە گەندەڵەکانی عێراقە، بەداخەوە سیاسییەکان عێراقیان بەم دۆخە گەیاند، برایان ئەمە راستییە، دەبێت هەموتان پێشوازی لە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بکەن، تا ئابووریمان باش بێت و ههژاران جارێکی دیکە نەچنەوە بەر دەرگای حزبەکان".
هەر لەتەنیشت د. عەلاەوە، دوو لە چالاکوانە دیارەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین، كه یهكێكیان "حاجی داود"ـه، کە بە شێخی خۆپیشاندەران ناسراوە، گوتی: ئەگەر حکومەتی زۆرینە پێک بهێنرێت؛ ئەوە یەکێک لە داواکانی ئێمە جێبەجێ کراوە، کە لە خۆپیشاندانەکان داوامان دەکرد.
حاجی داود سلێمان، چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی تشرین ئاماژهی بهوه كرد، "کاتێک ئێمە لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندانمان کرد، هەموو چین و توێژەکانی عێراق لەگەڵمان هاتن، ئامانجمان ئەوە بوو، کە دۆخی سیاسی بگۆڕین لە عێراق هەر ئەوەشمان دەوێت".
بۆ خەڵکی بەغدا کێشەی سەرەکی لە شارەکەیان نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکارییە. بە درێژایی شەقامی موتەنەبی بەغدا پرسیار له خهڵكی شهقامهكه كرا، ئایا ئێوە لەگەڵ حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانین؟ یان حکومەتی دابەشکاری و پشک پشکینە؟، وەڵامی زۆربەیان هەر بەو شێوەیە بوو، کە ئەوان دەیانەوێت ئەزموونێکی تازە تاقیبکەنەوە و پێشوازی لە حکومەتی زۆرینە دەکەن.
ئەحمەد بەغدادی، چاودێری سیاسی روونیكردهوه، "ئێمە حکومەتێکی جیاوازمان دەوێت لە حکومەتەکانی پێشووتر، حکومەتێکی بەهێزمان دەوێت، سەرۆك وەزیرانێکی بەهێزمان دهوێت".
ئەم رۆژانە لەبەغدا رۆژانێکی پڕ لە جولەی سیاسی و گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسیەکانە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام لەعێراقدا هەر کەسێک پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت؛ لەبەردەم کۆمەڵێک قەیران و کێشەی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردووە.