"له ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن رووسیاوە، ناتۆ ناچار ده‌بێت رێوشوێنی پێویست بگرێته به‌ر"
جێگری سكرتێری گشتیی ناتۆ: پوتن سه‌ركه‌وتوو نابێت له جه‌نگی ئۆکرانیادا
K24 - هەولێر:
جێگری سكرتێری گشتیی ناتۆ، میرچا جوانا رایگه‌یاند كه سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن سه‌ركه‌وتوو نابێت له جه‌نگی ئۆکرانیادا.
جوانا له‌باره‌ی ته‌واوبوونی مانگی یه‌كه‌می جه‌نگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا رایگه‌یاند، هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆکرانیا "جه‌نگی دڕندانه‌یه" و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن سه‌ركه‌وتوو نابێت له‌و جه‌نگه‌دا.
جێگری سكرتێری گشتیی ناتۆ هۆشداری دا له‌وه‌ی كه له ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی یاخود چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن رووسیا ئه‌وا 'ناتۆ ناچار ده‌بێت رێوشوێنی پێویست بگرێته به‌ر'، گوتی: "ناتۆ هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كی به‌رگرییه و له هه‌مان كاتیش‌دا هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كی ئه‌تۆمیشه. به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی یاخود سیسته‌مه ئاستبه‌رزه‌كانی دیكه ئه‌مه سروشتی جه‌نگی پوتن به‌رامبه‌ر ئۆکرانیا له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌گۆڕێت. ده‌توانم دڵنیایی ئه‌وه بده‌م كه ناتۆ ئاماده‌یه به شێوه‌یه‌كی گونجاو وه‌ڵامی ئه‌وه بداته‌وه".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌و سزا توندانه‌ی خراونه‌ته سه‌ر رووسیا و زیانه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و وڵاته له ئۆکرانیا له‌وانه‌یه وا له پوتن بكه‌ن جارێكی دیكه بیر له‌و هێرشه بكاته‌وه كه كردوویه‌تییه سه‌ر ئۆکرانیا و گوتی: "له‌وانه‌یه پوتن وای بیر لێ كردبێته‌وه ئۆكراینییه‌كان باوه‌شیان بۆ ده‌كه‌نه‌وه و پێشوازییان لێ ده‌كه‌ن و له دوای ئیمپریالیزم باوه‌ڕی به فه‌نتازیا بوو. به‌ڵام له راستیدا به به‌رگرییه‌كی زۆر توند به‌رامبه‌ریان وه‌ستانه‌وه. له‌و باوه‌ڕه داین ئه‌و پشتیوانییه سه‌ربازییه‌ی (رووسیا) كه هێشتا دێته ئۆکرانیا به‌پێی پێویست نییه بۆ داگیركردنی ئه‌و وڵاته".
لەلایەکی دیکەوە دیمیتری میدڤیدیڤ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا بۆ ئاژانسی نۆڤۆستی رایگه‌یاند، دوو حاڵه‌ت هه‌ن ئه‌گه‌ر رووبده‌ن مافی رووسیایه چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كار بهێنێت.
میدڤیدیڤ راشیگه‌یاند، "حاڵه‌ته‌كان بریتین له‌كاتی هێرشكردنه سه‌ر رووسیا به چه‌كی ناووكی، یاخوود هه‌ر كارێك ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر بوون و سه‌روه‌ری مۆسكۆ، ئه‌وكات چه‌كی ناووكی به‌كار ده‌هێنین".
AA