به‌رپرسێكی ئۆكرانیا هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگی پارتیزانی له‌ رووسیا ده‌كات

"چاوه‌ڕێ بكه‌ن! بزانن چۆن خاكی ئۆكرانیا بۆتان ده‌كه‌ین به‌ دۆزه‌خی سه‌رزه‌مین"..هۆشداریش له‌باره‌ی "پلانی كۆریا" ده‌دات

سووتاندنی كاروانێكی تانكه‌كانی رووسیا له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیاوه‌
سووتاندنی كاروانێكی تانكه‌كانی رووسیا له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیاوه‌

K24- هه‌ولێر:

كریلیۆ بۆدانۆڤ، سه‌رۆكی هه‌واڵگریی سه‌ربازی ئۆكرانیا گوتی: "ژیانی رووسه‌كان له‌ ئۆكرانیا ده‌كه‌ن به‌ دۆزه‌خێكی راسته‌قینه‌" و دووپاتیكرده‌وه‌، سوپای "ده‌مارگیری" رووسیا رووبه‌ڕووی جه‌نگێكی به‌رده‌وامی پارتیزانی ده‌بێته‌وه‌ و ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا هه‌وڵ بۆ دابه‌شكردنی خاكی ئۆكرانیا ده‌دات، وه‌ك چۆن دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریا دابه‌شكرا.

ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ی ئۆكرانیا كه‌ ته‌مه‌نی 36 ساڵه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا گوتی: "وه‌رزی گه‌شته‌كانی ئۆكرانیا بۆ جه‌نگی پارتیزانی به‌م نزیكانه‌ ده‌ستپێده‌كات.. دواتر سیناریۆیه‌ك دێته‌ به‌رده‌ممان كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ رووسه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن ده‌توانن له‌ ژیان بمێننه‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "سه‌ركردایه‌تی رووسیا هه‌ڵه‌ی زۆری كردووه‌ و ئێمه‌ش ئه‌و هه‌ڵانه‌ به‌كارده‌هێنین" و جه‌ختیكرده‌وه‌، "سوپای ئۆكرانیا رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌".

ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ كه‌ دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت په‌یوه‌ندیی به‌ سوپاوه‌ كردووه‌ و له‌سه‌ر شێوازی ناتۆ مه‌شقدراوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "سوپای ئۆكرانیا سه‌لمانی كه‌ سوپای رووسیا جگه‌ له‌ ئه‌فسانه‌یه‌ك هیچیتر نییه‌. ئه‌و بۆ به‌كارهێنانی هێز په‌یڕه‌وی شێوازه‌كانی چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست ده‌كات و له‌ جه‌نگدا په‌یڕه‌وی بنه‌ما كلاسیكییه‌ كۆنه‌كان ده‌كات".

گوتیشی: "رووسیا هه‌وڵ ده‌دات كۆریای باكوور و باشوور له‌ ئۆكرانیا دروست بكات".

ئه‌م لێدوانه‌ی بۆدانۆڤ دوای چه‌ند رۆژێك له‌ راگه‌یاندنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی چه‌ند به‌شێكی خاكی وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیاوه‌ هاتووه‌، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه‌ ده‌ستیانبه‌سه‌ردا گیرابوو، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی پێچه‌وانه‌ و وه‌ستاندنی پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای رووسیا له‌ناو خاكی ئۆكرانیا.

به‌گوێره‌ی وێستگه‌ی میدیایی "ئه‌وروپای ئازاد"، هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆكرانیا و هێزه‌كانی به‌رگری شارستانی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ خۆبه‌خشان به‌رگرییه‌كی سه‌رسه‌خت له‌به‌رامبه‌ر رووسه‌كان ده‌كه‌ن، به‌شێك له‌و به‌رگرییه‌ش بۆ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی رۆژئاوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ناتۆ راسته‌وخۆ به‌شداری له‌و شه‌ڕه‌دا بكات، یانیش ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ ئاسمانی ئۆكرانیا رابگه‌یه‌نێت.

H.B