لە بەغدا هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان
K24 - بەغدا:
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، كەمێك بەر لە ئێستا لە بەغدا و بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە، لایەنگرانی حەشد هێرشیانكردە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاگریان تێبەردا.
شیڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، هەندێک لەوانەی هێرشیانکردە سەر بارەگاکە بە ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتوونەتە شوێنەکە و هێزە ئەمنییەکانیشیان ئاگادار کردووەتەوە کە رێگری لە کارەکەیان نەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا رەوشی سیاسی عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە، بۆیە رەنگە ئەوەش هەوڵێک بێت بۆ پەکخستنی پرۆسەکە.
بە گوێرەی زانیارییەکان لە ئێوارەوە کەناڵەکانی نزیک لە هەندێک میلیشیای چەکداری، لایەنگران و چەکدارانیان هاندەدەن بۆ ئەوەی هێرشبکەنە سەر بارەگای پارتی و بارەگاکە بسووتێنن.
کەناڵەکانی نزیک لەم میلیشیایانەش گرتە ڤیدیۆیی ساتی هێرشکردن و پەلاماردانی بارەگای پارتی بڵاودەکەنەوە.
بارەگای لقی پێنجی پارتی دەکەوێتە ناوچەی کەرادە و بۆ دووەمجار لەلایەن لایەنگرانی حەشدەوە هێرشی دەکرێتە سەر و دەسووتێنرێت.