وەزارەتی ناوخۆ: ئەو كەسەی سووكایەتی بە مەرجەعیەت كردووە دەستگیر دەكرێت

ئازادی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایەت سووكایەتی بە رەمز و هێما ئایینی و نیشتمانییەكان بكرێت

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ
دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ

K24  - هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو كەسە دەرچووە كە سووكایەتی بە مەرجەعیەت كردووە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، كەسێك بەناوی "نایف كوردستانی" تویتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا باسی لە مەرجەعیەت كردووە و ئەوەش بە "سووكایەتی" لێكدراوەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوەكەیدا باس لەوەش دەكات، ئازادی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایەت سووكایەتی بە رەمز و هێما ئایینی و نیشتمانییەكان بكرێت و دەستدرێژیان بكرێتە سەر و ئەو كارە بە هیچ جۆرێك قەبووڵ نییە.

هەروەها باس لەوەشكراوە، ئەو كەسەی ئەو تویتەی بڵاوكردووەتەوە تەنیا گوزارشت لە رای خۆی دەكات، هەڵوێستی حكومەتی هەرێم و گەلی كوردستان روون و راشكاوە لە رێزگرتن و نرخاندنی رۆڵی مەرجەعیەت لە عێراق و جیهانی ئیسلامی و ئەو هەڵوێستەش وەكو خۆی دەمێنێتەوە و لەسەری بەردەوام دەبن.